لە كەركووك گرووپێك چاوساغی بۆ حەشدی شەعبی دەكەن

 لە كەركووك گرووپێك چاوساغی بۆ حەشدی شەعبی دەكەن
كارگێڕی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك ئاشكرای دەكات لە كەركووك میلیشیاكانی حەشدی شەعبی گوشارێكی زۆر دەخەنە سەر دانیشتوانی گەڕەكە كوردنشینەكان.



ئەمڕۆ سێشەممە 19/12/2017، كاوە ئەحمەد، كارگێڕی لقی سێی پارتی لە كەركووك، ڕاگەیاند: "میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە سنووری گوندی "كەڵۆز"ی سەر بە كەركووك و بە دیاریكراوی لەنێو زەوییە كشتوكاڵییەكانی جووتیارانی ئەو سنوورە، ئەو میلیشیانە تۆپخانەكانیان لەنێو ئەو زەوییانەدا داناوە و خەڵكی ئەو سنوورەش حەشدی شەعبی وەك داگیركار تەماشا دەكەن و وەك كاردانەوەیەك ژمارەیەك هاووڵاتییش وەك پەیامێك بۆ ئەوەی ئەو میلیشیایانە ئەو سنوورە چۆڵ بكەن، هێرشیان كردووەتە سەر میلیشیاكان".



ئەو بەرپرسەی پارتی گوتیشی: "ماوەیەكە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی گوشارێكی زۆری سەربازی دەخەنە سەر گەڕەكە كوردنشینەكانی كەركووك، بەداخەوە گرووپێكی دەمامكداریش پەیدا بوونە كە ڕەنگە كڕابنە چاوساغییان و سووكایەتی بە خەڵك دەكەن".



كارگێڕی لقی سێی پارتی لە كەركووك ڕوونیشی كردەوە، ئێستا شەوانە حاڵەتی بەرخودان لە بەرامبەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە كەركووك هەیە و خۆبەخشەكان بەرپەرچی حەشدی شەعبی دەدەنەوە، چونكە خەڵكی كەركووك ئەو داگیركارییەیان پێ قبووڵ ناکرێت".



كاوە ئەحمەد، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "شارێك ئەگەر زرێپۆش لەنێو كووچە و كۆڵانەكانیدا بێت و بە سەربازی بكرێت، ئیتر هیچ دڵنیاییەكی تێدا نامێنێت".



ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاكانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكار، پەلاماری كەركووك و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان هاووڵاتیی كوردیان شەهید و بریندار كرد و نزیكەی 200 هەزار كەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.






باسنيوز
Top