گەندەڵکاران و گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر پشتیوانی خۆپیشاندانی دژی گەندەڵین
ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و حزب و لایەن بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتگیریی خۆیان بۆ خۆپیشاندانەکە و تێکدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت، راگەیاندووە.
ئەو بەرپرس و حزبانەی ھانی ھاووڵاتییان دەدەن بۆ خۆپیشاندان و تێکدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت، خۆیان بەشێک بوون لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەشدارن لە بەھەدەردانی موڵک و ماڵی دەوڵەت و سامانی گشتی.
کەناڵی (کوردستان ٢٤) لە راپۆرتێکدا، ئاماژەی بە بەشێک لە گەندەڵی و خیانەتی ئەو کەس و حزبانە کردووە، کە ھانی خۆپیشاندەران دەدەن ھێرش بکەنە سەر موڵک و ماڵی گشتی.
بزووتنەوەی گۆڕان:
گۆڕان لەوکاتەوەی لە ٢٠٠٩ دامەزراوە، درووشمی دژایەتیکردنی گەندەڵی بەرز کردووەتەوە، لەکاتێکدا نەوشیروان مستەفا، رێکخەری پێشووی گۆڕان و ھەموو سەرکردەکانی ئەو حزبە، بەشێک بوون لە دەسەڵات و حوکمڕانیی کوردستان لە سەرەتاوە تا جیابوونەوەیان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
نەوشیروان مستەفا لەساڵی ٢٠٠٥، کە ئەوکات جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی بوو، لە کۆبوونەوەیەکدا زۆر بە توندی ھێرشی کردە سەر ئەو کەسانەی دژایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن و باسی گەندەڵی دەکەن، کەچی دوای دروستکردنی گۆڕان، رایگەیاند، کە دژی گەندەڵییە، لەکاتێکدا گردی زەرگەتەی سلێمانی ”لەو دەسەڵاتە گەندەڵە“ وەرگرتووە و دەستی بەسەردا گرت و بەسەر دوو کوڕەکەیدا دابەشی کرد.
یوسف محەمەدی سەرۆکی ماوە بۆدرێژکراوی پەرلەمانی کوردستان، کە ھەڵسوڕاوی گۆڕانە، دوو ساڵە نەچووەتە پەرلەمان و مووچە و ئیمتیازەکانیشی وەردەگرێت.
دەرباز محەمەد، وەزیری گۆڕان لە بەغدا دەیان فایلی گەندەڵی لەسەرە و میدیای عیراقی دەیانجار لە سەریان نووسیوە.
کۆمەڵی ئیسلامی:
ھێزێکی ئیسلامی رادیکاڵە و باوەڕی بە سیستەمی دیموکراسی و پەرلەمانی نییە و عەلی باپیری ئەمیری کۆمەڵ، کە بەردەوام باس لە دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەکات و لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵیشەوە ھەر بەخۆی ئەمیری حزبەکەیە، کتێبێکی بەناوی (چارەسەری کێشـەی کورد لە نێوان ئیمان و پەرلەمان ) نووسیوە و تێیدا بە ئاشکرا دژایەتیی دیموکراسی و پەرلەمان دەکات.
بەرھەم ساڵح:
ھیچ خەباتێکی شاخی نییە و بەشداریی شۆڕشەکانی کوردستانی نەکردووە. چەندین ساڵ لە پۆستی ھەرە باڵای دەسەڵات بوو. سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی حکومەتی بەغدا، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی و ئێستا سەرۆکی لیستە. لەو پۆستانەدا سەدان ملیۆن دۆلاری لە بەردەست بووە و تەخشان و پەخشانی کردووە، بگرە لە سایەی دەسەڵاتەکەیدا دەیان دۆست وھاوڕێ و کادیری یەکێتی بە مووچەی زۆر، بە بندیوار دامەزراون.
زەوی و زارێکی زۆری بە چەندین سەرمایەدار داوە. دەیان موڵک و زەویوزاری لە ھەولێر و سلێمانی ھەیە. لە سەر پۆست وپایە و دەسەڵات نەیتوانی لە ناو حیزبەکەی خۆشیەوە بمێنێتەوە.
شاسوار عەبدولواحید:
شاسوار یەکێکە لەوانەی لە پڕێکەوە بووە بە کوڕێک. ئەویش بە ھۆی دەست تێکەڵ کردن لەگەڵ ”بەرپرسانی گەندەڵی کوردستان“ وەک خۆی دەڵێت، بە شێوەیەکی ناڕەوا و نایاسایی دەیان ھەزار دۆنم زەویوزاری پێ بەخشرا. نزیکەی چل ملیۆن دۆلاری لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان قەرز کردووە و ئامادەش نییە بیداتەوە.
لەو ماوەیە وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، کە شاسوار عەبدولواحید نزیکەی نیو ملیۆن دۆلار پارەی کارەبای پرۆژەکانی قەرزارە و نایدات.
پارەی ھەزاران خاوەن پشکی چاڤیلاندی خواردووە. چەندین مانگە مووچەی کارمەندانی کۆمپانیا و تیڤییەکانی نەداوە، کە بەم دواییانە لە شانۆگەرییەکی کۆمیدیدا فرۆشتنی راگەیاند، کەچی تا ئێستاش ھەر رێکلامی بۆ دەکەن.
لاھور جەنگی:
یەکێکە لە پلانداڕێژەرانی خیانەتی گەورەی ١٦ـی ئۆکتۆبەر، کە رێککەوتنی لەگەڵ حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران کرد و شاری کەرکووک، خورماتوو و ناوچەکانی دەوروبەری، رادەستی ئەو میلیشیایانە کرد.
باسنيوز
