لە ساڵی ٢٠١٨دا مووچە چۆن دابەش دەكرێت؟
عزەت سابیر، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند: بەرپرسانی حکوومەت و وەزارەتی دارایی پێیان راگەیاندووین، بەپێی قەبڵاندنەکان لە ساڵی ٢٠١٨ داھاتی حکوومەت بۆ مووچە ٤٠٠ ملیار دینار دەبێت و بایی ٤٠٠ ملیار دینار مووچە دابەش دەکەن“.
زیاتر دوا و گوتیشی: ”داوامان لە حکوومەت کردووە پاکسازی لە لیستی مووچەدا بکات بۆ ئەوەی ئەو پارەیە بەشی مووچە بکات“.
بەھۆی ئەوەی لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر چەند کێڵگەیەکی نەوتی کەوتووەتە دەست بەغدا، بۆیە داھاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ نیوە دابەزیوە.
سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەوە دەخاتە روو، پێشووتر ٥٥٠ ملیار دینار بۆ مووچە ھەبوو، بەڵام ئێستا بووەتە ٤٠٠ ملیار دینار و ١٥٠ ملیار دینار کورتی ھێنلوە بووە، گوتیشی: ”داوامان کردووە تەنیا پێداچوونەوە بە مووچەی پێشمەرگە و ئاسایش نەکرێت، بەڵکوو پێداچوونەوە بە مووچەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنیشدا بکرێت کە بەبێ پاشەکەوت مووچە وەردەگرن، ھەروەھا ئەنجومەنی دادوەرییش ٧٠%ی مووچەکانیان وەردەگرن لێیان کەم بکرێتەوە، ئەگەر ئەوە بکرێت دەتواندرێت کورتھێنانەکە چارەسەر بکرێت“.
لەکاتێکدا ھەرێمی کوردستان دەچێتە ساڵی ٢٠١٨، حکوومەت مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١و ١٢ی فەرمانبەرانی نەداوە.
عزەت سابیر ئاشکرای دەکات، بۆ پلانی ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ پشت بەو ٤٠٠ ملیار دینارە دەبەسترێت، کە بۆ مووچە دیاری کراوە، گوتیشی: ”کاتێکیش ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا رێک دەکەوێت، کە لەو بڕە پارەیە زیاتریان پێ بدەن، ئەگەرنا رێککەوتن ناکرێت“.
بەپێی زانیارییەکانی (باس)، بە پشتبەستن بە رەشنووسی بودجەی ٢٠١٨، ئەو ئامارەی فەرمانبەران لایەتی بەغدا دەیەوێت تەنیا ٣٣٤ ملیار دینار بۆ مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بنێرێت.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئەوەی بە (باس) راگەیاند، ئەگەر چاکسازییەکی گەورە لە لیستی مووچەخۆراندا بکرێت، دەتوانن بە ٤٠٠ ملیار دینار مووچە بدەین.
لەبارەی دابەشکردنی مووچە لە ساڵی داھاتوودا، سکرتێری ئەنجومەن ئاماژەی بە دوو ئەگەر کرد: «یەکەمیان ئەگەر لەگەڵ بەغدا رێک بکەوین و بەغدا مووچە بنێرێ، دووەمیان ئەگەر لەگەڵ بەغدا رێک نەکەوین و بە داھاتی خۆمان مووچە دابین بکەین، لە ھەردوو بارەکەشدا گۆڕانکاری دەکرێت».
لە ھەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ٢٤٩ ھەزار و ٤٨١ مووچەخۆر ھەن، بەڵام حکوومەتی ناوەندی تەنیا دان دەنێت بە ٦٨٢ ھەزار مووچەخۆری ھەرێم، عەبادی چەند جارێک ئاماژەی بە ناردنی مووچەی ھەرێم کردووە کە ٣ ساڵە بەھۆی کێشەکانەوە بەغدا بودجە و مووچەی بڕیوە، بەڵام عەبادی ھیچ ھەنگاویکی کردەنیی نەناوە، بۆیە حکوومەتی ھەرێم متمانەی بە وتەکانی عەبادی نییە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ھەندێک دەزگای راگەیاندن ئەو زانیارییە بڵاو کراوەتەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٨ بە دوو مانگ جارێک مووچەیەک دەدرێت، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئەو ھەواڵەی رەت کردەوە و گوتی: ”بە ھیچ جۆرێک لە کۆبوونەوەی حکوومەت ئەوە باس نەکراوە بە دوو مانگ جارێک مووچە بدرێت، ئێمە بەپێی داھات مووچە دابەش دەکەین“.
رۆژی ١١ی ١٢ی ٢٠١٧ لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیراندا، ئەوە خراوەتە روو، لەبارەی بژارەکانی دابینکردنی مووچە و بودجەی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی داھاتی چاوەڕوانکراو بۆ ساڵی ٢٠١٨دا جەخت کراوەتەوە و دابینکردنی مووچە ئەولەویەتی کارەکانی حکوومەت دەبێت.
فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رای دەگەیەنێت، ئەو بودجەیەی بۆ ھەرێمی کوردستان دیاری کراوە لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا زۆر کەمە و تەنیا بەشی مووچەی حەوت مانگ دەکات، گوتیشی: ”بەداخەوە ئەو بەشە بودجەیەی بۆ ھەرێمی کوردستان دیاری کراوە لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقدا زۆر کەمە و تەنیا بەشی مووچەی ٧ مانگ دەکات، بەگوێرەی ئەو داتایەی حکوومەتی ھەرێم بۆ مووچەخۆران لایەتی“.
باسنيوز
