کەمال کەرکووکی: ئەو کاتەی تەقە لە بارەگای پارتی کراوە ئاسۆ مامەند لەوێ بووە
بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک رای دەگەیەنێت، نزیکەی کاتژمێر یازدەی ئەمشەو تەقە لە بارەگای ناوچەی پارتی لە تەق تەق کراوە و بەرپرسێکی یەکێتی لەوێ بووە و دوای تەواو بوونی تەقەکان شوێنەکەی بەجێ ھێشتووە.
کەمال کەرکووکی، بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک ڕاگەیاند: نزیکەی کاتژمێر 11ی ئەمشەو، چەند کەسێکی نەناسراو تەقەیان لە بارەگایەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە (تەقتەق) کردووە“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە کاتی تەقەکردنەکەدا ئاسۆ مامەند، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە دوو ئۆتۆمبێل لە نزیک شوێنەکە بووە و ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانیشی بۆ (ژمارەی دیکەی فەحس) گۆڕیوە“.
کەمال کەرکووکی ئەوەشی بۆ (باسنیوز) دووپات کردەوە کە دوای تەقەکردنی چەکدارەکان لە بارەگاکەی پارتی، ئاسۆ مامەند شوێنەکەی جێهێشتووە.
پێشتر عەلی جەوانمەردی، پەیامنێری ئاژانسی (دەنگی ئەمریکا) ئەوەی ڕاگەیاندبوو کە پشێوییەکانی ڕۆژی دووشەممە 18/12/2017 لە چوارچێوەی خۆپیشاندانەکان لە دەڤەری سلێمانی، هەوڵێکی ئێرانە بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق بگەڕێنێتەوە کوردستان و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان نەهێڵێت.
هاوکات (باسنیوز) ئەوەی ئاشکرا کرد کە جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە مەبەستی داپۆشینی خیانەتەکەیان، پشتیوانی لەو خۆپیشاندانانە دەکەن و لە پشێوینانەوەکانیش بەشدارن.
باسنیوز
