پەرلەمان لە سەردەمی حوکمڕانیی گۆڕاندا زۆرتـــــــرین پارەی تێدا بەھەدەر دراوە
بەپێی بەڵگەكانیش ، لە ماوەی سەرۆکایەتیشیدا لە پەرلەمانی کوردستان، یوسف محەمەد، بە ملیاران دیناری خەرج کردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە دیوانی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانەوە، یوسف محەمەد، سەرۆکی دوورخراوە لە پەرلەمانی کوردستان، کە لە ١٢ ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ەوە لە پۆستەکەیدا دەوامی نەکردووە، بەڵام تەواوی مووچەکەی بۆ خراوەتە سەر ھەژمارە بانکییەکەی و پێش سیستەمی پاشەکەوتکردنی مووچەی بڕی ١٢ ملیۆن دینار بووە.
جگە لەوەش بەپێی زانیارییەکان، یوسف محەمەد، لە کاتی رۆیشتنەکەی بڕی ١٣٠ ملیۆن دیناری لەگەڵ خۆیدا بردووە و تا ئێستا پاکتاوی ژمێریاریی ئەو بڕە پارەیەی نەداوەتە ژمێریاری سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
لەبارەی ئەو کاتەش کە لە پۆستەکەیدا بووە، مەدینە ئەیوب شیرناخی، پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی کاروباری پەرلەمانی کوردستان بۆ (باس) ئاشکرای کرد، تەنیا لە ماوەی ١-١-٢٠١٥ تا ٣١-١٠-٢٠١٥ واتە کەمتر لە ساڵێک، سەرۆکایەتیی پەرلەمان زیاتر لە ٢٠ ملیار و دووسەد و پەنجا و سێ ملیۆن دینار خەرجی بووە، کە زۆربەی بۆ ئیفاد و پاداشت و ھاوکاری بووە و لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە بەخشراوە.
بەپێی ئەو بەڵگەکانەش کە دەست بە(باس) کەوتوون، لەو ماوەیەی کە یوسف محەمەد لە پۆستەکەیدا بووە، بڕی ١٠ ملیار و دووسەد و شەست و یەک ملیۆن دینار تەنیا بۆ مووچە خەرج کراوە، کە سێ ملیاری وەکوو دەرماڵە بووە بۆ پەرلەمانتاران و ٤٤٨ ملیۆن دیناریش بۆ ئیفادی پەرلەمانتاران خەرج کراوە.
ھەر بەپێی بەڵگەکان لە ساڵی ٢٠١٥، تەنیا بۆ پێداویستیی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری بڕی ملیارێک و ٣٤٤ ملیۆن دینار خەرج کراوە.
جگە لەوەش تەنیا بەناوی چاککردنەوەی کەلوپەلەوە، ٣٧٨ ملیۆن دینار خەرج کراوە و بەناوی چاککردنەوەی ئاوی زێرابیش ھەر لەو ساڵەدا کە یوسف محەمەد لە پۆستەکەیدا بووە، زیاتر لە ٨ ملیۆن دینار خەرج کراوە.
ھەروەھا بەپێی چەند لیستێکی جیاواز بە فەرمانی سەرۆکی پەرلەمان، بەناوی ھاوکاری ملیۆنان دینار دراوە بە خەڵکی جۆراوجۆر، بەپێی لیستێکیان کەمترین ھاوکاری ٣٠٠ ھەزار دینار بووە، زۆرترینیشی ٩ ملیۆن دینار بووە.
ھەر بەپێی بەڵگەکان لەو ساڵەی پەرلەمان بە دەست گۆڕانەوە بووە، بڕی پێنج ملیۆن دینار لە ١٢-١٠-٢٠١٥ بۆ نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمان لە سلێمانی خەرج کراوە، ھەروەھا ٦٠ ملیۆن دیناری دیکەش بەناوی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمان و پاسەوانەکانی خەرج کراوە، ھەر لەو ماوەیەشدا بەناوی ئەوەی کە سەرۆکی پەرلەمان لەبری ئەوەی لە پەرلەمان کارەکانی بکات، لە نووسینگەی سلێمانی کردوویەتی و بڕی ٥٠ ملیۆن دیناری دیکەی بۆ خەرج کراوە.
ھەر لەو ساڵە ٧ ملیۆن دیناری دیکەش بەناوی ھاوکاری بۆ ٩ کەس خەرج کراوە، نزیکەی ٥ ملیۆن دیناریش بەناوی ھاوکاریی ئاوارەکان خەرج کراوە.
لە بەڵگەیەکی دیکەشدا، سێ کەس بە پلەی ئەفسەر ھەر یەکەیان بە فەرمانی سەرۆکی پەرلەمان ٣ ملیۆن دیناریان بۆ خەرج کراوە، لەگەڵ چەندین ملیۆن دیناری دیکە کە بەناوی ھاوکارییەوە بە راوێژکاران و خەڵکانی ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان دراوە، تەنانەت ئەو ھاوکارییانە دراونەتە پۆلیسی پاسەوانی بارەگای پەرلەمان و ھاتوچۆی بەردەرگای پەرلەمان، بەناوی نەخۆشیشەوە ھاوکاریی رۆژنامەنووسان و میدیاکان کراوە.
بەپێی بەڵگەیەکی دیکە لە ١٣-٩-٢٠١٥ بەناوی پاداشتەوە بڕی ٣ ملیۆن دیناری دیکە دراوەتە کاردۆ محەمەد، ھەڵسووڕاوی گۆڕان بەناوی ئەوەی کە خۆبەخشانە راوێژکارە لە پەرلەمانی کوردستان.
لە بەڵگەیەکی دیکەشدا ھەر لەو ساڵەدا، بەناوی کاری ئیداری بڕی ٢ ملیۆن دینار بۆ نووسینگەی سکرتێری پەرلەمان فەخرەدین قادر، خەرج کراوە.
ھەروەھا سەرۆکی پەرلەمان بەناوی دڵسۆزی لە کارکردن، نزیکەی ٨ ملیۆن دیناری بەناوی ھاوکاری داوەتە ١٠ کەس کە ناوەکانیان لای (باس) پارێزراوە.
لە ساڵی ٢٠١٤ەش بەپێی ئەو بەڵگانەی لە بەردەستی (باس)دان، بڕی ٣١ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دینار بۆ چەندین بواری جیاواز خەرج کراوە.
لەو پارەیە بڕی زیاتر لە ١٩ ملیار و ٣٣٣ ملیۆن دینار بۆ مووچە و دەرماڵەی پەرلەمانتاران و سەرۆکایەتیی پەرلەمان خەرج کراوە، ھەروەھا بەناوی پێداویستیی خزمەتگوزاری ١ ملیار و پێنج سەد و حەفتا و پێنج ملیۆن دینار خەرج کراوە.
١٩ ملیۆن و ٤٥٤ ھەزار دیناریش لەو بڕە پارەیە دراوە بە جلوبەرگ.
ھەر لەو پارەیە بڕی ٦ ملیۆن دیناریش دراوە بە ئاھەنگ و بۆ خاوێنکردنەوەش ١٩٩ ملیۆن دینار خەرج کراوە.
بۆ خواردەمەنی و داوودەرمانیش ٤٦ ملیۆن دینار خەرج کراوە.
ھەر لەو ساڵەشدا تێچووی ئیفادی پەرلەمانتاران گەیشتووەتە زیاتر لە ٧٦ ملیۆن دینار.
لەبارەی دامەزراندنیشەوە لە سەردەمی یوسف محەمەد، بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی دیوانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکی پەرلەمان ١١٠ کەسی لە ماوەی ساڵی ٢٠١٤- ٢٠١٥ دامەزراندووە، ئەو دامەزراندنە ١٤ راوێژکاریان تیادایە کە ٥ راوێژکاریان بە پلەی (ئەلف) دامەزراوە، کە ئەوانەی پلەیان (ئەلف)ـە واتە بریکاری وەزارەتن و بڕی پارەی مانگانەیان لەوکاتدا ٧ ملیۆن و ٤٩٢ ھەزار دینار بووە، مانگانەش بەناوی ھاوکاری، ھەر یەکەی ١ ملیۆن دیناری دیکەیان پێ دراوە، لەکاتێکدا ھیچ یاسایەک نییە کە ھاوکاری بدرێتە کەسانێک کە مووچەکانیان ھێندە بەرز بێت، جگە لەوانیش دەیان کەسی دیکە بەناوی خزمەتگوزار و شۆفێر و وەرگێڕ و بەڕێوەبەری گشتی و چاودێری کشتوکاڵ و پڕۆگرامسازی دامەزراون، جگە لە زیاتر لە ٢٠ کەسی دیکەش بە گرێبەست.
ھەموو ئەوانەش لە کاتێکدایە کە یوسف محەمەد، بەھۆی سەردانیکردنی بۆ لای کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھێرشێکی گەورەی لەلایەن چەند سەرکردەیەکی گۆڕانەوە کراوەتە سەر و عەبدوڵای کوێخا موبارەک، باژێڕوانی مەکۆی چەمچەماڵی گۆڕان، یوسف محەمەدی بە ”کۆنە پاسەوان“ ناو بردووە.
عەبدوڵای کوێخا موبارەک، بۆ یوسف محەمەد نووسیویەتی: “گلەیی بێ لێت دکتۆر و سەرۆک پەڕلەمانی ئێستا و کۆنە پاسەوانی بەردەم بارەگا حزبییەکانی پێش دروستبوونی گۆڕان، تۆ ھەر لەسەرەتاوە دیار بوو حەزت بە پاسەوانی و خزمەتی ئەم گەنە پیاوانە بووە”.
جگە لەوەش لە پەیج و ئەکاونتەکانی گۆڕانەوە، لەو ماوەیەدا بەھۆی ئەو سەردانەی یوسف محەمەد بۆ لای کۆسرەت رەسووڵ، زۆرترین ھێرش کراوەتە سەری.
لەبارەی دوورخستنەوەی یوسف محەمەد لە پۆستەکەی لە ١٢ ئۆکتۆبەری ٢٠١٥، فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، دوورخستنەوەی یوسف محەمەد و گۆڕان ئەوکات لە حکوومەت بەو ھۆیەوە بوو ئەگەر گۆڕان لە حکوومەت و پەرلەمان دوور نەخرابوایەوە دوور نەبوو شەڕی براکوژی روو بدات و ئەو ئاڵۆزییانەی کە ھەبوون لە سلێمانی بگەن بە ھەولێر، گوتی: “بابەتەکە شەخسی نەبوو، زۆر بارەگای پارتی ئەوکات لەو شوێنانەی کە گۆڕان دەستی دەڕوات سووتێنران، ئەو رێگایە گیرایە بەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرژەوەندیی گشتی، کە نیەتی گۆڕان درکی پێ کرا باش نەبوو، مەبەستەکە پاراستنی ھەولێر بوو، چونکە ئەوەی بۆیان کرا لە سلێمانی کردبوویان”.
لەبارەی ئەوەشی کە یوسف محەمەد بۆچی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەدوای ئەوەی کە پارتی ڤیتۆی لەسەر نەماوە نەگەڕاوەتەوە، ئاراس وەلی ئەحمەد، ھەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، بە (باس)ی راگەیاندووە: ”بەھۆی گرفتی نێوخۆیی گۆڕانەوە، گەڕانەوەی یوسف محەمەد بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان راگیراوە، ئەوەش بەشێک لە گرفتەکانی پەیوەندیی بە خودی خۆی و خانەی راپەڕاندنەوە ھەیە“.
ھەروەھا دلێر ماوەتی، پەرلەمانتاری یەکێتی بۆ (باس) ئاماژەی بەوە دا، ئەوە پەیوەندیی بە کێشەی ناوخۆیی گۆڕانەوە ھەیە، کاتێک یوسف محەمەد سەردانی کۆسرەت رەسووڵی کردووە، رووبەڕووی ھێرش بووەتەوە.
بەلام یەکێک لە ھەڵسووڕاوە باڵاکانی گۆڕانیش کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەوە پەیوەندیی بە پەروەردەی توندڕەوانەی گەنجانی ناو گۆڕانەوە ھەیە و لە عورفی کوردەواریدایە ھەر کەس نەخۆش بێت ئەوانی دیکە سەردانی دەکەن، ئەگەر نا پێشتر لەنێوان سەرکردە باڵاکانی کوردستان، ئەوە نەبووە، لەوپەڕی ناکۆکیدا کاتێک نەخۆش کەوتوون ئەوەی دیکە سەردانی کردوون.
باسنیوز
