ئەردۆغان لەبارەی داخستنی سنوورەکانی کوردستان مەرج بۆ بەغدا دادەنێت

 ئەردۆغان لەبارەی داخستنی سنوورەکانی کوردستان مەرج بۆ بەغدا دادەنێت
ئەردۆغان رایگەیاند، لە هەر کاتێکدا دەکرێ سنوورەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دابخەن، بەڵام بەو مەرجەی بەغدا بتوانێ هەموو پێداویستییەکانی "باکووری عێراق" دابینبکات و هەرێمی کوردستانیش دەروازەکانی رادەستی حکومەتی ناوەندی بکات.

لەکاتی گەڕانەوەی لە پۆڵاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند "گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغدا لەبارەی ئەوەی دەتوانین چی بکەین بەردەوامە. ئەگەر ئەوان (حکومەتی هەرێمی کوردستان) دەروازە سنوورییەکان رادەستی حکومەتی ناوەندی بکەن، ئەوا ئێمەش مەرج دادەنێین بۆ بەغدا کە پێویستە هەموو پێداویستییەکانی خەڵکی ئیدارەی باکووری عێراق دابینبکات. ئێمە تاوەکو ئێستاش دەروازەکانمان دانەخستوون، بەڵام ئەوە هەر کاتێک دەتوانێ رووبدات".

سەبارەت بە حەشدی شەعبی، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند "بەهیچ شێوەیەک پەیوەندیمان لەگەڵ حەشدی شەعبی نییە".

لەبارەی بوونی حەشدی شەعبی لە شنگال و مەخموور، ئەردۆغان گوتی "ئەگەر ئەوە راستبێ ئەوا دەبێ گفتوگۆی نوێ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانمان بکەین".

ئەردۆغان ئاشکراشیکرد، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق چاوەڕێی بانگهێشتی تورکیایە بۆ ئەوەی سەردانی ئەنقەرە بکات، ئەوەش لەکاتێکدا چەند وەزیرێکی تورکیا بە سەرۆکایەتیی مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوە پێدەچێ سەردانی بەغدا بکەن.

سەبارەت بە دۆخی کەرکووک، ئەردۆغان رایگەیاند، سەرکردەکانی کورد دەیانویست کەرکووک و ناوچەکانی دیکە بە هێز کۆنترۆڵ بکەن. دەشڵێت "ئێستا حیزبەکانیان ناکۆکن و یەکدی بە فرۆشتنی یەکدی تۆمەتبار دەکەن. لەم خاڵەدا دۆخی تاڵەبانی لە ئارادایە، شێوازی هەڵوێستی ئەوان ئێرەی بەم دۆخە گەیاند. ئێستا یەكدی تۆمەتبار دەكەن. لەوێ لەنێو حەشدی شەعبیدا توركمانی شیعەشی تێدا، ئەمە شتێكی نامۆیە".

لەبارەی ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی واشنتن و ئەنقەرە، ئەردۆغان دەڵێت "ئەوە بە کێشەیەکی درێژخایەن نابینم، هیوادارام گفتوگۆکان لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجامیان هەبێ و پەیوەندییەکانمان بگەڕێنەوە بۆ دۆخی ئاسایی".



رووداو
Top