خورماتوو.. چەكدارانی حەشدی شەعبی كەوتنە سووتان و تاڵانكردنی ماڵە كوردەكان

 خورماتوو.. چەكدارانی حەشدی شەعبی كەوتنە سووتان و تاڵانكردنی ماڵە كوردەكان
بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو ڕای دەگەیەنێت بەهۆی كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە شارۆچكەی خورماتوو، هاووڵاتیانی كورد ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشت و ئێستا شارەكە بەدەست حەشدی شەعبییەوەیە، بەرپرسی ناوچەی پارتی شارۆچكەكەش ئاماژە بەوە دەدات كە چەكدارانی حەشدی شەعبی دەستیان كردووە بە تاڵانكردن و سووتاندنی ماڵە كوردەكان.



عەقید كاوە مەلا پەروێز، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتووڕاگەیاند "شەوی ڕابردوو 16/10/2017 جارێكی‌تر شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و چەكدارانی حەشدی شەعبی لە سنووری شارۆچكەی خورماتوو ڕووی دا و تا كاتژمێر 12ی شەو هێزەكانی پێشمەرگە بەرگرییەكی بەهێزی كرد، بەڵام دواتر بە فەرمانێك كشانەوە و شارۆچكەكەیان بەجێ هێشت".



گوتیشی "كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە كاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروونی هاووڵاتیان درووست كرد و دەستیان كرد بە چۆڵكردنی ماڵ و حاڵی خۆیان و ئێستا كەسی تێدا نەماوە و شارەكە لەژێر كۆنترۆڵی چەكدارانی حەشدی شەعبی دایە".



ئەرسەلان عەلی بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە (باسنیوز) ی گوت "ئێستا چەكدارانی حەشدی شەعبی دەستیان كردووە بە تاڵانكردن و سووتاندنی ماڵە كوردەكان".




باسنیوز
Top