رووسیا؛ کورد لەسەر حەقە کە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دەکات
ڕووسیا شەرعییەت دەداتە ڕیفراندۆمی هەرێم
وڵاتانی جیهان لەوە گەیشتوون، کە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان لە ناوچەکەدا کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت، بۆیە تادێت تێڕوانیان بەو ئاراستەیەدا دەچێت، کە بە شێوەی ناراستەوخۆ ددانیان بە شەرعییەتی سەربەخۆییی کوردستاندا دەنێن.
هەریەک لە ٥ وڵاتە گەورەکەی جیهان، کە ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتین، ئەمەریکا، ڕووسیا، چین، فەرەنسا و بەریتانیا، هیچ کامێکیان دژی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان نین، تادێش ئەو وڵاتانە بۆچوونی شەفافتریان لەبارەی ڕاپرسیی هەرێمی کوردستانەوە دەردەبڕن، بەتایبەت ڕووسیا و ئەمەریکا و فەرەنسا، کە ئەوان چەند جارێک درکاندوویانە، لەگەڵ خواستی گەلی کوردستانن بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی.
یەکێک لەو وڵاتانەی کە لە جیهاندا دەیەوێت پێشوەختە بڵێت پاڵپشتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ پرسی ڕاپرسی و سەربەخۆیی، ڕووسیایە، ئەم وڵاتە دەکەوێتە باشووری ئۆراسیا و ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشە و جەمسەرێکی بەهێزی جیهانە، بە گوێرەی ئاژانسی بڕێیتبارت، لە ئاستی دیپلۆماسیی ئەو وڵاتەدا کورد بە حەق دەزانرێت، کە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدات.
ئاژانسەکە درکاندوویەتی، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا (سێرگی لاڤرۆڤ) ڕایگەیاندووە، کورد لە هەرێمی کوردستاندا لەسەر حەقن، کە داوای ڕاپرسی و سەربەخۆیی دەکەن، هەروەها ڕووسیا پاڵپشتیی داواکاریی ئاشتییانەی کورد دەکات بۆ ڕاپرسیی سەربەخۆیی.
بە گوێرەی شرۆڤەکارانی جیهانی، هۆکاری زۆر هەن کە ڕووسیا پاڵپشتی لە سەربەخۆییی کوردستان بکات، لەوانە نفووزی کورد لە ناوچەکە و بەهێزیی پێگەی دیپلۆماسیی هەرێم و پێوەندیی مێژووییی هەرێم لەگەڵ ڕووسیا و بوونی گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕووسیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، وەک کۆمپانیای ڕۆسنەفت، کە ڕۆژی ھەینی ٢-٦-٢٠١٧، کۆمپانیای ڕۆسنەفت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆڕبەندی ئابووریی نێودەوڵەتیی سان پیتەرسبۆرگ، بە ئامادەبوونی (نێچیرڤان بارزانی) و شاندی یاوەری ڕێککەوتنیان واژۆ کرد.
شاندی باڵای ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەیدایە، کە سەردانی ڕووسیا و ئەمەریکا بکات، بە گوێرەی شارەزایانی سلکی دیپلۆماسیی ناوچەکەیش، سەردانی شاندی باڵای هەرێم ڕۆڵێکی دیارتری لەسەر دیپلۆماسیی ڕووسیا دەبێت بۆ پاڵپشتیکردن لە ئەنجامی ڕیفراندۆم و ناردنی چاودێری ڕووسیا بۆ ڕۆژی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان.
ئەمەریکا ڕێ لە سەربەخۆییی کوردستان ناگرێت
حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاریان دا، کە لە ٢٥-٩ی ئەمساڵدا ڕیفراندۆم بکرێت، وەک لە دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستانیش دەخوێندرێتەوە، پێشوەختە لە بواری دیپلۆماسی و ئابووری و جوگرافیی ناوچەکەدا دیراسەی تەواو بۆ ئەو بڕیارە کراوە و کاتەکەیش بە گونجاو زانراوە بۆ بڕیاردان لە دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کوردستان.
ئەمەریکاش، کە جەمسەرێکی دیکەی بەهێزی جیهانە لە سەردەمی (ترامپ)دا، لاریی نییە بۆ سەربەخۆییی کوردستان، هەروەک ئاژانسی برێیتبارت نموونەی لە گوتەبێژی هاوپەیمانێتیی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا هێناوەتەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٦دا ڕایگەیاندووە، ئیدارەی (ترامپ) ڕێگر نابێت لە سەربەخۆییی کوردستان.
لەپاڵ ئەوەیشدا، کۆنگرێسی ئەمەریکا لە ئاستی لیژنەی پێوەندییەکانی دەرەوەدا چەندین جار پشتگیریی بۆ گەیشتنی گەلی کورد بە خواستەکانی خۆی دەربڕیوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، ئەمەریکا لەو وڵاتانە بووە، کە لە ساڵی ١٩٩١دا هاوشانی فەرەنسا پشتگیریی لە هەرێمی کوردستان کردووە و هێڵی ٣٦یان بۆ هەرێمی کوردستان دانا، بۆ ئەوەی پارێزراوبێت لە دەستی ڕێژیمی ئەوسای عێراق. لە ٢٠١٤شدا جاریکی دیکە ئەمەریکا و هاوپەیمانانی ڕۆڵیان هەبوو لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان بۆ لەنێوبردنی داعش، کە لە ئەنجامدا هەرێمی کوردستان ئوستوورەی داعشی شکاند.
ئێساش، کە کورد دەیەوێت سەربەخۆ بێت، لە ئاستی هێڵی دیپلۆماسیی ئەمەریکادا تێگەیشتنی تەواو هەیە، کە لەگەڵ خواستی گەلی کوردە بۆ سەربەخۆیی و پشتگیریش لەو پرۆسەیە دەکات.
kdp-
