سەرکردەیەکی یەکێتی ڕەخنەی توند لە گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی دەگرێت و دەڵێ: ”دەبووایە بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی بارزانی و لایەنەکان بکردایە
ڕەهبەری سەید برایم، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ڕاگەیاند: دەبوو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە 7/6/2017ی نێوان بارزانی و ھێزە سیاسییەکان، کۆمەڵ و گۆڕانیش بەشدارییان بکردبایە، چونکە تۆ بەشداریت کرد، لەوێ ھەرچییەک دەڵێیت بیڵێ، بڕۆ ئەوێ و ڕەخنە بگرە، قسەی خۆت بکە، با لەوێ ھەموو حزبەکان گوێیان لێبێت، بەڵام بەشداری نەکردن کەمێک حزبەکان دوور دەخاتەوە“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە دەبووایە پێشتر ئامادەکاری بکرایە بۆ ئەوەی ھەر جۆرێک ھەیە، ئەو دوو لایەنە بەشدارییان بکردایە، چونکە ”ئێمە ئەگەر بڕیارمان دابێت کێشەکان چارەسەر بکەین، دەبێت ئەم قۆناغە تێپەڕێنین".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە: ”لە دوورەوە و کاری سیاسی لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە چارەسەر گرفتەکان ناکات، بگرە تا نەچنە بەردەم مێزی گفتوگۆ ئەوە گرفتەکان هەروا دەمێنێتەوە“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لەبارەی گرنگیی پرسی ڕیفراندۆم، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیاندووە: ”بابەتی ڕیفراندۆم، بابەتێکی گرنگی ئێستای کوردستانە و نابێت بە بابەتی دیکە ببەسترێتەوە کە لایەنە سیاسییەکان جیاوازییان لەسەر هەیە“. ڕوونیشی کردەوە: “ئەگەر بمانەوێت ڕیفراندۆم بکەین، نابێت بەدوای بیانووهێنانەوەدا بین بۆی، دەبێت بڕیاری دەستەجەمعی بۆ بدەین“.
باسنیوز
