ئوسامە جەمیل: داھاتووی عێراق و ناوچەکە پەیوەستە بە سیاسەت و پلانی ئەمەریکاوە

ئوسامە جەمیل: داھاتووی عێراق و ناوچەکە پەیوەستە بە سیاسەت و پلانی ئەمەریکاوە
چاودێرێکی سیاسی پێی وایە، داھاتووی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە پەیوەستە بە سیاسەت و پلانی ئەمەریکاوە لە ناوچەکەدا و دەشڵێت، ئەمەریکا بەنیازە ھەژموونیی ئێران لەسەر عێراق و ناوچەکە کەم بکاتەوە و ئەگەر ئەو پلانە سەربگرێت، ئەوە کێشەکانی عێراق بەرەو چارەکردن دەچن و کەمتر دەبنەوە.


(ئوسامە جەمیل)، چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھیچ پێشبینییەک بۆ ڕەوشی نێوخۆی عێراق ناکرێت، ئەگەر ئەمەریکا پلانەکانی ئێستای (ترەمپ) بخاتە بواری جێبەجێکردن و ھەندێک ھەنگاو بنێت، ئەوە بێ گومان گۆڕانکاری زۆر ڕوو دەدات و ڕەوشەکە بەرەو ئاقارێکی دیکە دەچێت، بەڵام ئەگەر ئەمەریکا درێژە بە سیاسەتی (ئوباما) بدات، ئەوە عێراق ھەروەک خۆی دەمێنێتەوە و ھەڵبژاردن دەکرێت و ھەندێ پەرلەمانتاری نوێ دێن و حکوومەتێکی نوێ پێک دێت و بەگشتی ھیچی دیکە لە ڕەوشی عێراق ناگۆڕدرێت.''

ئەو چاودێرە سیاسییە ئەوەشی خستەڕوو: ''ئەگەر ئەمەریکا پلانی (ترەمپ) لە ناوچەکەدا جێبەجێ بکات، ئەوە گۆڕانکاریی زۆر لە عێراق و ناوچەکەدا دەکرێت، چونکە بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی نێوان ئەمەریکا و سعوودییە، ئەمەریکا دەیەوێ بایی 400 ملیار دۆلار وەبەرھێنان لە سعوودیە بکات و بەھۆی بەشداری لە کۆبوونەوەی وڵاتانی موسڵماندا، (ترەمپ) نیازی ئەوەی ھەیە دەستی ئێران لە نێو عێراقدا ببڕیت و ڕۆلی ئێران لە ناوچەکەدا کەم بکاتەوە، ئەگەر بێت و ئەوە ڕوو بدات، ئەوە کێشەکانی عێراقیش بەرەو کەمتر دەچن و چارەش دەکرێن.''

(ئوسامە جەمیل) دەڵێت: ''نەک عێراق، ھەمووی ناوچەکە چاوەڕێی ئەمەریکایە کە بزانن سەرۆکی نوێی ئەو وڵاتە چی دەکات، ئەگەر ئەمەریکا ھیچ پلانێکی نەبیت و عێراق چاک نەکات، شیعە ھەر حوکم دەکات و سوننە و کوردیش ھەروەک خۆیان لەگەڵ بەغدا کێشەیان دەبێت.''

kdp-
Top