سلێمانی.. بەھۆی قەیرانی داراییەوە ناوەندی ئەندێشە داخرا

 سلێمانی.. بەھۆی قەیرانی داراییەوە ناوەندی ئەندێشە داخرا
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، لەشاری سلێمانی بەڕێوبەری ناوەندی ئەندێشە بەھۆی فشاری قەیرانی دارایی و قەرزێکی زۆرەوە بڕیاریدا ناوەندی ئەندێشە دابخرێت.

ھەژار مەجید، بەڕێوەبەری ناوەندی ئەندێشە، ئەمڕۆ دووشەممە 29/5/2017 لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕای گەیاند: "ناوەندی ئەندێشە ناوەندێکی ڕۆشنبیرییە و ساڵانێکی زۆرەوە لەشاری سلێمانی لە ڕێگەی بە کلتورکردنەوەی خوێندنەوەوە خزمەتی خوێنەران دەکات، بەڵام بەداخەوە بەھۆی فشاری قەیرانی دارایی و قەرزێکی زۆرەوە بڕیارمان داوە ئەندێشە دابخەین، چونکە قەرزێکی زۆرم لە سەرە و چیتر من توانای مادی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ئەندێشەم نەماوە".

بەڕێوەبەری ناوەندی ئەندێشە، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەندێشە ٢٥ ھەزار ناونیشانی کتێبی بەزمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و فارسی، تێدایە، ھەروەھا زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار کتێبی چاپکراوی تێدایە، بەھۆی نەفرۆشتنی کتێبەکان، خەریکە دەبین بەژێر قەرزێکی زۆرەوە، بۆیە بڕیارمان داوە ئەم ناوەندە ڕۆشنبیرییە دابخەین، بەڵام ئەگەر کەسانی سەرمایەدار ھاوکاریمان بکەن، ئەوکاتە ئێمە چاو بە بڕیارەکەماندا دەخشێنینەوە".

باسی لەوەشتکرد:" تەنھا بۆئەوەی ئەندێشە بەردەوام بێت ئێمەش بتوانین خزمەتی خوێنەری کورد بکەین، لەدەرگای زۆر سەرمایەدار و بەرپرس و پەڕلەمانتارماندا بەڵام بەداخەوە ھیچ کەسێک ئامادە نەبوو ھیچ ھاوکاریەکی ماددیی ئێمە بکات، بۆیەھەر کەسێک ئەیەوێت ئەندێشە وەک ئەم شوێنەی ئێستا بمێنێتەوە، چی لە توانادایە بیکات و ئێمە سوپاسی ئەکەین.












باسنيوز
Top