ئەرمینیا بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی کەیسی جینۆساید ھاوکاری ھەرێمی کوردستان دەکات

 ئەرمینیا بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی کەیسی جینۆساید ھاوکاری ھەرێمی کوردستان دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پێشوازی لە باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە 29/5/2017، د.یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پێشوازی لە کارین گریگۆریان، باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق کرد و لەسەرەتای دیدارەکەدا، باسیان لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمیەکانی نێوان ھەردوو وڵات کراوە.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کورتەیەکی لەبارەی پڕۆژەی ناساندنی زمان و ئەدەبی کوردی (کوردسکۆلەرشیپ) پێشکەش بە باڵێوزی ئەرمینا کرد، ھەروەھا ئەوەشی خستەڕوو: "زۆرێک لە وڵاتان دەخوازن بەشی دیراساتی کوردی لە زانکۆکانیان بکەنەوە بەتایبەت ئەم داوایە تا ئێستا لەلایەن ژمارەیەک وڵاتان پێشکەش بە وەزارەتەکەمان کراوە بەتایبەت لەلایەن پۆلۆنیا، کۆماری میللی چین، زانکۆی لیستەر لە بەریتانیا".

لەو چوارچێوەیەشدا گوتی: "ئەرمینیا لەگەڵ کوردستان کە نزیکە دراوسێین، خاوەن مێژوییەکی ھاوبەش لە قوربانیدان، بۆیە گرنگە بەشی دیراساتی کوردی لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە بکەنەوە".

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران، داوای لە باڵێوزی ئەرمینا کرد لە بواری جینۆساید و چۆنیەتی بەنێودەوڵەتیکردنی تاوانەکانی جینۆساید، لە ڕووی یاساییەوە ھاوکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بکەن، ئەوەشی روون کردەوە: "خوازیارین سوود لە ئەزموونەکانتان لەو بوارەدا وەربگرین، چونکە لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا گەلی کورد جینۆساید کراوە".

لە بەرامبەردا، باڵیۆزی ئەرمینا لە عێراق، بەڵێنیدا لە ڕێگەی پسپۆڕان و شارەزاییانی بوارەکە لە وڵاتەکەی ھاوکاری ھەرێمی کودستان بکەن، بۆ ئەوەی لە ڕوی یاسایی و نێودەوڵەتییەوە تاوانەکانی جینۆسایدی کورد بەدونیای دەرەوە بناسێنن.













باسنيوز
Top