تا کۆتایی ئەمساڵ تونێڵێکی گرنگ لە سنووری پارێزگای هەولێر دەکرێتەوە

 تا کۆتایی ئەمساڵ تونێڵێکی گرنگ لە سنووری پارێزگای هەولێر دەکرێتەوە
بەڕێوەبەرێکی گشتی لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، تا کۆتایی ئەمساڵ، تونێڵی (پیرمام) لە باکووری شاری هەولێر دەکرێتەوە.





زانا عوزێری، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتیی کوردستانی ڕاگەیاندووە، ئەمساڵ پێداچوونەوەیان بە پڕۆژەکانی وەزارەتەکەدا کردووە و ژمارەیەک پڕۆژە بەھۆی قەیرانی داراییەوە کار کردن تێیاندا وەستابوو، بەنیازن بەھەر شێوەیەک بێت، دووبارە دەست بە کارەکانیان بکرێتەوە، بەتایبەت لەڕووی ڕێگا و بانەوە. گوتیشی: ”ڕێگەی سەرەکیی ھەولێر و کۆیە و ڕێگەی ھەولێر و دھۆک لە ئەولەویەتی کارەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دان“.



زانا عوزێری ڕوونی کردووەتەوە، یەکێک لەو پڕۆژانەی کارکردن تێیدا وەستابوو، پڕۆژەی تونێڵی (پیرمام) بووە. گوتیشی: ”ئەو پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە باش و گرنگەکانی وەزارەت و ئێستا بەڵێندەرەکەی گەڕاوەتەوە و دەستی بەکارکردن لە تونێڵی پیرمام کردووەتەوە، بەلێندەرەکە پێی ڕاگەیاندووین کە ئەگەر حکوومەت ھاوکاربێت، دەتوانێت لەم قەیرانەدا پڕۆژەکە تەواو بکات و کار گەیشتووتە ئۆڤەرپاسی پێش پڕۆژەکە لەبەری رۆژئاواوە“.





ئەو بەڕێوەبەرە گشتییەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاشکرای کردووە، تا کۆتایی ئەمساڵ، پڕۆژەی تونێڵی پیرمام کۆتایی دێت و بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، لەھەولێرەوە تا قەزای شەقڵاوە پڕۆژەکە ھیچ کێشەیەکی نامێنێ. دووپاتیشی کردووەتەوە: ”تەنیا قۆناغێکی کەمی دەمێنێ بگاتە ڕێگەی قەندیل، ئەویش تەنیا دوو کیلۆمەترە، بەتەواوبوونی تونێلی پیرمام، جگە لەوەی ڕێگەی (ھاملتۆن) دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە، دەمانەوێ شەقڵاوە بکەینە گەڕەکێک لە ھەولێر“.








باسنیوز
Top