حەشدى شەعبى بە هاوكاری پەكەكە ماڵی هاووڵاتیانی ئێزیدی تاڵان و وێران دەكەن

حەشدى شەعبى بە هاوكاری پەكەكە ماڵی هاووڵاتیانی ئێزیدی تاڵان و وێران دەكەن
چەکدارانی حەشدى شەعبى دواى دەستپێکردنى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى ناوچەکانى ژێر دەستى داعش لە شنگال، كە بە هاوكاری هێزەكانی یەبەشەی سەر بە پەكەكەیە، تا ئێستە بەشێک لە ناوچەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە و ماڵی هاووڵاتییانی ناوچەكەش وێران دەكەن.


ئاشتى کۆچەر بەڕێوەبەرى گشتیى ئاسایشى رۆژئاواى دیجلە رایگەیاند "حەشدى شەعبى لە ئۆپەراسیۆنەکەى بەردەوامە، لەگەڵ بەردەوامى ئۆپەراسیۆنەکەش بە هیچ شێوەیەک دەستیان لە پاراستنى ماڵ و حاڵى هاووڵاتییانى کوردى ئێزیدى نەپاراستووە و چەندین خانوو و ماڵیان سوتاندووە و سەروەت و سامانى ماڵەکانیشان وەک غەنیمەت بەسەر خۆیاندا دابەش کردووە، پێش چەند کاتژمێرێک بە بەرچاوى هاووڵاتییان دوو ئۆتۆمبێلى کوردى ئێزیدیان سوتاند و چەندین مۆلیدەى کارەباشیان بە تاڵان برد".


کۆچەر لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی (AA) دەڵێ "مەبەستى حەشدى شەعبى نییە ئەو ناوچانەى سەر بە شارۆچکەى شنگال لە داعش پاک بکاتەوە، بەڵکو مەبەستیان ئەوەیە کێشە و فیتنە بخەنە نێوان پێشمەرگە و کوردى ئێزیدیەوە، ئەگەر حەشدى شەعبى ئامانجى لەناوبردنى داعش بێت، بۆ ناچێتە تەلەعفەر دژى داعش شەڕ بکات؟ بۆ ناچێتە بەعاج؟ بەڵام مەبەستى سەرەکیان داعش نییە، ئێمە دڵنیایی بە هەموو لایەک دەدەین حەشدى شەعبى لەو پیلانگێڕییەیان شکست دەهێنێ و سەرکەوتوو نابێت".


بەڕێوەبەرى گشتیى ئاسایشى رۆژئاواى دیجلە باس لەوەش دەکات کە حەشدى شەعبى رێگرە لە گەڕانەوەى هاووڵاتییان بۆ ناوچەکانیان، رەتیشی دەکاتەوە کە کوردى ئێزیدى تێکەڵى چەکدارانى حەشدى شەعبى بووبن و دەشڵێ "تەنانەت ئەو کوردە ئێزیدیەى گوایە سەر بە حەشدى شەعبییە، بەناوى نایف جاسۆ کە ٣٠ تا ٤٠ کەسێک دەبن لە چواردەورى ئێستە لە یەکێک لەو کۆمەڵگایانەى شەڕى تێدایە گەمارۆ دراون".


چەکدارانى حەشدى شەعبى لە ئۆپەراسیۆنەکەیان بە هاوكاری پەكەكە بەردەوامن بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەى ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى داعش لە سنوورى شارۆچکەى شنگال، دوێنێش گوتەبێژى حەشدى شەعبى کۆنتڕۆڵکردنەوەى نۆ گوندى دیکەى سەر بە شارەدێى قەیرەوان راگەیاندبوو، فەرماندەکانى پێشمەرگەش بەردەوامى ئۆپەراسیۆنەکەى حەشدى شەعبى لە شنگال بە بەردەوامى پێشێلکردنى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا دەزانن.
BAS NEWS-
Top