یاسین مەحموود: لە ئایندەیەکی نیزیکدا ئابووریی ھەرێم گەشە دەکات و بازاڕ دەبێتەوە

یاسین مەحموود: لە ئایندەیەکی نیزیکدا ئابووریی ھەرێم گەشە دەکات و بازاڕ دەبێتەوە
گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان دەڵێت، بڕیارە (نێچیرڤان بارزانی) ژمارەیەک بڕیار دەربارەی کەرتی وەبەرھێنان دەربکات و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بە ھۆی ئەو بڕیارانەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە کەرتی وەبەرھێنان و بازاڕی ھەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە و بەرەو پێشەوە ھەنگاو دەنێت.

(یاسین مەحموود)، گۆتەبێژی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیارە بە سەرۆکایەتیی (نێچیرڤان بارزانی)، ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنان کۆببێتەوە و چەند بڕیارێکی گرینگ دەربکرێت، ئەمساڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگییەکی زۆری بە کەرتی تایبەت داوە و جێگەی شانازییە بۆ ئێمە کە حکوومەت بەو شێوەیە گرینگیی بە کەرتی تایبەت داوە. سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئێمەیان پشتڕاست کردووتەوە، کە ئەمساڵ ساڵی چاکسازی دەبێت لە کەرتی تایبەتدا و پێم وایە ھیچ ساڵێک وەک ئەمساڵ حکوومەت بەو شێوەیە پشتگیری لە کەرتی تایبەت نەکردووە، لەبەر ئەوەش ئێمە وەک وەبەرھێنەران دڵخۆشین و ئومێدمان بە ھەنگاوەکانی حکوومەت ھەیە بۆ چارەکردنی ڕەوشی ئابووریی ھەرێمی کوردستان.''

گۆتەبێژی یەکێتیی وەبەرھێنەران ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''بڕیارە لە کۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێناندا کە زیاتر لە ساڵێکە کۆبوونەوە نەکراوە، ژمارەیەک بڕیار لە لایەن سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە دەربکرێن و ئێستا ئامادەکاری بۆ دەرکردنی بڕیارەکان دەکرێت، لەوانەش گرینگیدان بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار، بەتایبەت لە ناوچە دوورەدەستەکانی ھەرێمی کوردستان.''

(یاسین مەحموود) دەشڵێت: ''دوای دەرکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنان و گرتنەبەری کۆمەلێک ڕێوشوێن بازاڕی ھەرێمی کوردستان گەشە دەکات و ھەنگاو بەرەو پێشەوە دەنێت بۆ چارەکردنی یەکجارەکیی قەیرانی ئابووریی ھەرێمی کوردستان. ھەتا ئەمڕۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی باشی بۆ بەڵێندەران دەرکردووە و کێشەکانیان چارە دەکرێن، بە شێوەیەکی گشتی ھەموو ھەنگاوەکانی حکوومەت بەرەو چارەکردنی ڕەوشی ھەرێمی کوردستان و ھەستانەوە و دەرچوونی بازاڕە لەو قەیرانەی تێی کەوتووە. من دڵنیام دوای ماوەیەکی دیکە ڕەوشی ئابووریی ھەرێم بەرەو گەشەکردن ھەنگاو دەنێت.''

KDP-
Top