قائیمقامی چەمچەماڵ وەڵامێكى توندی بەزران ئەحمەد کوردە دەداتەوە
بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە شارى چەمچەماڵ، ڕای دهگەیهنێت، دۆخی ئەمنیی چەمچەماڵ زۆر مەترسیدارە و له ئێستادا ناوچهكه پێویستی بەوەیه حاڵەتی نائاسایی تێدا رابگەیهندرێت، لهبهرانبهردا قائیمقامی چەمچەماڵ، ڕەتی دەکاتەوە دۆخی ئەمنیی شارهكه تێکچوبێت، وەک خۆی دەڵێت، بەھیچ شێوەیەک دۆخى لهو شێوهیه نییه و دۆخهكهش سەقامگیرە. ئاماژهى بهوهش دا، كه ئەو بەرپڕسەی داوای ڕاگەیاندنی بارى نائاسایی چەمچەماڵ دەکات، خۆی لە سلێمانی دوو جار تەقە لە ماڵەکەی کراوە.
بەرزان ئەحمەد کوردە، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە چەمچەماڵ، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند :" دۆخی ئەمنیی چەمچەماڵ زۆر مەترسیدارە ، ئێستا پێویستی بەوە هەیە بارى نائاسایی تێدا رابگەیهندرێت".
لەوبارەیەوە ئامانج کەساس جەباری، قائیمقامی چەمچەماڵ لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند : " دۆخی ئەمنی چەمچەماڵ سەقامگیرە، ئەوانەشی ئەو پڕوپاگەندانە بڵاو دەکەنەوە مەبەستیانە ناوی چەمچەماڵ لە کەداربکەن، کە لانکەی خەبات و تێکۆشانە و لەشەڕی داعش سەدان شەھیدی قارەمانی بەخشیوە".
گوتیشی: " بەرزان ئەحمەد کوردە، کاتێک بەو شێوەیە باسی دۆخی چەمچەماڵ دەکات، لەخۆیەوە قسەی کردووە، ئەو کە خۆی بە بەرپرسی یەکێتی دەزانێت، پێویستە لەئاستی كهسایهتی خۆی لێدوان بدات، نەك دوور لە ھەموو ئیتیکێک وەکو کەسێکی ئاسایی لێدوان بدات و ناوی چەمچەماڵ لەکەدار بکات".
قائیمقامی چەمچەماڵ، ئاماژەی بەوەشکرد، كه خەڵکی چەمچەماڵ پێی ناخۆشە بەوشێوەیە باسی شارهكهیان بکرێت، گوتیشی :" بەرزان ئەحمەد کوردە، خۆی لە سلێمانی، دوو جار تەقە لە ماڵەکەی کراوە و خەڵکی شاری چەمچەماڵیش نییە، کەمترین کاتەکانی خۆی لێره بەسەر دەبات، ھەروەھا شارەزای سروشتی ئەو سنوورە نییە و له دهرگاى ھیچ ماڵێکی چهمچهماڵى نهداوه، لە ھەفتەیەکیشدا یەک ڕۆژ تا دوو ڕۆژ دەوام دەکات، ئیتر چۆن دهزانێ دۆخى چەمچەماڵ بهو شێوهیه خراپ بووه، ئەگەر مەبەستی ئەوەی نەبێ شارەکە ناشرین بکات".
bas news-
