نێچیرڤان بارزانی، ئیدانەی هێرشە تیرۆرستییەكەی سەر قیبتییەكانی میسر دەكات

نێچیرڤان بارزانی، ئیدانەی هێرشە تیرۆرستییەكەی سەر قیبتییەكانی میسر دەكات
(نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا بە توندی هێرشە تیرۆرستییەكەی سەر قیبتییەكانی میسر ئیدانە دەكات و، سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانییان و گەل و حكوومەتی میسر دەكات.

ئەمەیش دەقەكەیەتی:

بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆرستییە دڕندانەیە دەكەم كە دوێنێ كرایە سەر دوو پاسی نەفەرهەڵگر لە شاری منیەی میسر و تێیدا نزیكەی سی هاووڵاتیی قیبتی گیانیان لە دەست دا و ژمارەیەكی دیكەیش بریندار بوون لە كاتێكدا بەرەو كڵێسایەك بە ڕێگاوە بوون.

هاوخەمی و هاودەردیی قووڵمان لەگەڵ خانەوادە و كەسوكاری قوربانیان و گەل و حكوومەتی میسر دەردەبڕین، خوای گەورە قوربانیان بخاتە بەر دلۆڤانی و بەهەشتی خۆیەوە، هیوای زووچاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.

لە كاتێكدا كردەوە و تاوانە تیرۆرستییەكان لە چەندین شوێنی جیهان چەندبارە دەبنەوە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ جیددیتر لەسەر ئەم پرسە بوەستێت، بە دەستێكی بەهێزتر ڕووبەڕووی گرووپە تیرۆرستییەكان و بە شێوەیەكی فروانتر بەرەنگاری بیری تاریكی ئەوان ببێتەوە.

kdp-
Top