لە شنگال، بەهۆی هێزەکانی پەکەکە و حەشدی شەعبی کوردانی ئێزدی ترسیان لێ نیشتووە
لەماوەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەردام، جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدی و بەرپرسانی ئیدارەی شنگال و کەسایەتییە کوردە ئێزدییەکان داوایان لە پەکەکە کردووە، سنوورەکەیان جێبهێڵێت و بوونی پەکەکەیان بە هۆکاری ترس و دڵەڕاوکێی خەڵکی ناوچەکە زانیوە. هاوکات ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە بەهۆی پەکەکەوە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان شنگال ئاوەدان ناکەنەوە و خەڵکی ناوچەکەش کە ئێستا ئاوارە بوون، بۆ ناوچەکەیان ناگەڕێنەوە. جگە لەوەی لە ماوەی ڕابردوودا دەیان حاڵەتی ڕفاندنی کچان و منداڵان لەلایەن چەکدارانی پەکەکە لە ناوچەکە تۆمار کراوە.
سەرەڕای نیگەرانیی بوونی پەکەکە لە شنگال، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هێزەکانی حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان لە چەند گوندێکی سنووری شنگال دەست پێ کرد، ئەمەش وایکرد کە ترس و دڵەڕاوکێی کوردانی ئێزدی زیاتر ببێت. لەمبارەیەوە وەیسی نایف، سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای شنگال ڕاگەیاند، کوردانی ئێزدی لەم ماوەیە لەوەش نیگەرانن کە ئەگەر هەیە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی کوردانی ئێزدی لە سنووری شنگال، بە تایبەتی لە گوندی (کوجۆ) لەلایەن حەشدی شەعبییەوە شوێنەواری نەهێڵدرێت.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە زیاتر لە 1700 کەس لە گوندی کوجۆ لەلایەن داعشەوە لە مانگی ئابی 2014 کوژراون و دەبێت گۆڕی بەکۆمەڵ لەو ناوچەیە هەبێت.
لەلایەن خۆیەوە حەسۆ هورمێ، چالاکوانی کوردی ئێزدی ڕاگەیاند: هاتنی حەشدی شەعبی بۆ سنووری شنگال، جێگەی مەترسییە، بەتایبەتیش لەسەر گۆڕە بە کۆمەڵەکان، چونکە بەهۆی ئەوانەوە تیمە تایبەتمەندەکان ناتوانن کاری خۆیان ئەنجام بدەن و ئەگەر هەیە شوێنەواری گۆڕە بەکۆمەڵەکان تێک بدرێت.
هەر لەمبارەیەوە نادیە موراد، باڵیۆزی نیازپاکی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە خۆی یەکێکە لە قوربانییە کوردە ئێزدییەکانی دەستی داعش، لە پەیامێکدا ڕای گەیاندووە: “گوندی کوجۆ زۆر گۆڕی بەکۆمەڵی تێدایە کە تائێستا 40 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە لە سنووری شنگال، گومان دەکەم گۆڕێکی دیکەی بەکۆمەڵ بدۆزریتەوە کە ڕووفاتی 6 برای من لەگەڵ 700 کەسی دیکەی خەڵکی کوجۆی لەناودا بێت”.
ڕۆژی 25/5/2017، هێزەکانی حەشدی شەعبی کۆنتڕۆڵکردنەوەی گوندی (کوجۆ)ی دەڤەری شنگالیان ڕاگەیاند، لە کاتێکدا بەرپرسانی پێشمەرگە جەختیان لەوە کردەوە کە ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی بەبێ گوێدانە ڕێککەوتنەکان، ئەم ئۆپەراسیۆنانەیان ئەنجام داوە.
باسنیوز
