سەرتاشێکی کاکەیی بە بۆنەی رەمەزانەوە بە خۆڕایی كار دەكات
ھەڵۆ نادر ھاووڵاتیەکی کاکەیی دانیشتووی ھەڵەبجەیە و پیشەی سەرتاشە، ئەو نەریتێکی تایبەت بە خۆی ھەیە و ساڵانە بە بۆنەی ھاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە، رۆژێک تا ئێوارە سەرتاشینی ھاووڵاتیان دەکاتە خۆڕایی، وەکو خۆی دەڵێت ئەمساڵ جیاواز لەساڵان رۆژێک پێش رەمەزان ئەو کارەی کردووە.
هەڵۆ گوتی "ماوەی نۆ ساڵە کاری سەرتاشین دەکەم و بەدرێژایی ئەو ساڵانە لە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان سەرتاشینم کردووەتە خۆڕایی بۆ ئەو کەسانەی سەردانم دەکەن، بەدرێژایی مانگەکەش نرخی سەرتاشین لە سێ ھەزار دینارەوە دەکەمە دوو ھەزار دینار، ھاووڵاتیانیش پێشوازیەکی باشیان لە کارەکەم کردووە، تەنانەت زانایانی ئایینی ئیسلامیش سەردانیان کردووم و دەستخۆشیان ھەبووە، بەڵام بەداخەوە بەرپرسانی ئیداریی ئەم شارە دەستخۆشیان لێ نەکردووم".
لەبارەی ئامانج و ھۆکاری پەیوەستکردنی ئەم کارەی لەگەڵ مانگی رەمەزان، ئەو سەرتاشە گوتی "یەکێ لە پایەکانی ئایینی کاکەییەکان بەخشندەییە، منیش حەزم کرد بەخشینەکەم پەیوەست بکەم بە پێشوازی لە مانگی پیرۆزی رەمەزان بەو ئامانجەی ھەموو کاسبکاران ھەوڵ بدەین گرانی و مانگی رەمەزان لێک جیا بکەینەوە، چونکە بەداخەوە رەمەزان لەبری ئەوەی بیکەینە هێمای بەخشین و ھەرزانی کردوومانەتە فرسەتی گرانی".
bas news-
