ئەمساڵ تونێلی پیرمام دەکرێتەوە

 	 ئەمساڵ تونێلی پیرمام دەکرێتەوە
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەنیازە لەمساڵدا دەست بە پڕۆژەکانی بکاتەوە و بەڕێوەبەرێکی گشتی ئه‌و وەزارەته‌ش دەڵێ، لە کۆتایی ئەمساڵ دا تونێلی پیرمام تەواو دەکرێت و قەزای شەقڵاوە دەکەینە گەڕەکێک لە ھەولێر.


(زانا عوزێری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "ئەمساڵ پێداچوونەوەمان بە پڕۆژەکانی وەزارەتدا کردووە و ژمارەیەک پڕۆژە بەھۆی قەیرانی داراییەوە کار کردن تێیدا وەستابوو، بەنیازین بەھەر شێوەیەکبێت پڕۆژەکانی وەزارەت دووبارە دەستپێبکرێنەوە بەتایبەت لەڕووی ڕێگا و بانەوە، رێگەی سەرەکی ھەولێر کۆیە و رێگەی ھەولێر دھۆک لە ئەولەویەتی کارەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دان.


بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە گوتیشی، "یەکێک لەو پڕۆژانەی کار تێیدا وەستابو و پڕۆژەی تونێلی (پیرمام)بوو، ئەو پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە باش و گرنگەکانی وەزارەت و ئێستا بەلێندەرەکەی گەڕاوەتەوە و دەستی بەکارکردن لە تونێلی پیرمام کردووە، بەلێندەرەکە پێی ڕاگەیاندووین ئەگەر حکوومەت ھاوکاربێت دەتوانێت لەم قەیرانەدا پڕۆژەکە تەواو بکات و کار گەیشتووتە ئۆڤەرپاسی پێش پڕۆژەکە لەبەری رۆژئاواوە.


(زانا عوزێری) ده‌شڵێت، "تا کۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەی تونێلی پیرمام کۆتایی دێت و بە تەواوبوونی پڕۆژەکە لەھەولێرەوە تا قەزای شەقڵاوە پڕۆژەکە ھیچ کێشەیەکی نامێنێ، تەنیا قۆناغێکی کەمی دەمێنێ بگاتە رێگەی قەندیل ئەویش تەنیا دوو کیلۆمەترە، بەتەواوبوونی تونێلی پیرمام جگە لەوەی رێگەی ھاملتۆن دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە دەمانەوێ شەقلاوە بکەینە گەڕەکێک لە ھەولێر.
kdp-
Top