وەزارەتی دارایی رێنماییەکی نوێ لەبارەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران بڵاو کردەوە
لە ڕێنمایی ژمارە (15)ی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە بە ژمارە 9/4/6564 لە 23/5/2017 دەرچووە ، تێدا ھاتووە: "پاڵپشت بە نووسراوی بەڕێز سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، ژمارە (1555) لە 4/4/2017 و ئاماژە بە ھەردوو ڕێنماییمان ژمارە (11)ی ساڵی 2016 و (8)ی ساڵی 2017 پێتان ڕادەگەیەنین کە بەھۆی پەسەند نەکردنی یاسای بودجەی گشتیی ھەرێمی کوردستان، پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ڕاژەی شارستانی ڕاگیراوە، بۆیە پێویستە ھیچ ھۆکارێک نەبێتە ھۆی بەرزکردنەوەی پلەی وەزیفی، چونکە بەرزکردنەوەی پلەی وەزیفی چەندین مەرجی یاسایی و کارگێڕی تایبەت بەخۆی ھەیە".
لە ڕێنماییەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە: "ھەر پلە بەرزکردنەوەیەک بە پێچەوانەی یاسا یان ڕێنماییەکانی سەرەوە کرا بێت، لەدوای بەرواری 1/1/2017وە پێویستە ھەڵوەشێنرێتەوە و بۆ وەرگرتنەوەی جیاوازییەکان کار بە ڕێنماییمان ژمارە (25)ی ساڵی 2016 بکرێت".
وەزارەتی دارایی و ئابووری، جەختی لەوەش کردووەتەوە: "ئەم ڕێنماییە لە بەرواری دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت و لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە".
باسنیوز
