چەند چەكدارێك بەناوی حزبوڵاوە هێرش دەكەنە سەر گوندنشینەكانی قەرەتەپە

 چەند چەكدارێك بەناوی حزبوڵاوە هێرش دەكەنە سەر گوندنشینەكانی قەرەتەپە
بەرپرسی ناوچەی برایەتی سەر بە لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە قەرەتەپە ڕای دەگەیەنێت، كە چەند چەكدارێك لەو سنوورە لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقدا بەناوی حزبوڵاوە خۆیان ناساندووە و هێرش دەكەنە سەر گوندنشینەكان و ئەشكەنجەیان دەدەن.

كەمال ئیبراهیم، بەرپرسی ناوچەی برایەتی سەر بە لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە قەرەتەپە ڕایگەیاند: "بەپێی ئەو زانیارییانەی ئێستا لەبەردەست دان، چەند چەكدارێك بەناوی حزبوڵاوە خۆیان ناساندووە و هێرش دەكەنە سەر گوندە سوننە نشینەكانی ناوچەكە و ئەشكەنجەی دانیشتوانەكەی دەدەن، دەیانەوێت بەهەر جۆرێك بێت، خۆیان باڵادەست بن لەو ناوچانە".

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "كە گومان دەكرێت ئەو چەكدارانە سەر بە حەشدی شەعبی بن، چونكە ناتوانین بڵێین داعشن، لەبەر ئەوەی داعش بچنە هەر جێگایەك، دانیشتوانەكەی دەكوژن، لەبری ئەوەی ئەشكەنجەی بدەن، هەروەها ئەو گوندەی چەكدارەكان ئەشكەنجەی خەڵكیان داوە ناوی جەدیدەیە و تەینا 400 مەتر لە حەشدی شەعبییەوە نزیكن، ئەو سنوورەش لەژێر دەسەڵاتی حەشدی و سوپای عێراق دایە".

كەمال ئیبراهیم ئەوەشی خستەڕوو، كە ئێستا لایەنە كوردییەكانی ناو قەرەتەپە دەزگای سەربازیی خۆیان هەیە و تێیدا باڵادەستین، بۆیە حەشدی ئەو دەسەڵاتەی نییە بیەوێت ئاژاوە بنێتەوە".













باسنیوز
Top