لەم مانگەدا پەکەکە ٥ سەرکردەی ئەنەکەسەی ڕفاندووە

 	 لەم مانگەدا پەکەکە ٥ سەرکردەی ئەنەکەسەی ڕفاندووە
سەرکردەیەکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد- سووریا (ئەنەکەسە) ڕایگەیاند، چەکدارانی پەکەکە بە هەمان سیاسەتی چەوتی جاران لەم مانگەدا ٥ سەرکردەی ئەنجومەنەکەمانیان دەستگیر کردووە.

(عەبدولڕەحمان ئاپۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''پەکەکە چەندین سەرکردەی ئەنجومەنەکەمانیان بەزۆری دەستگیر کردووە و ئێستا چارەنووسیان نادیارە. (نەشات زازا) و (بەشار ئەمین)، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کورد- سووریا و (فەسلە یوسف)، جیگیری ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد –سووریا و (موحسین تاهیر و محەمەد ئەمین حوسام)، ئەندامانی ئەمیندارەتیی گشتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد دەستگیر کراون.''

(عەبدولڕەحمان ئابۆ) گوتی: ''چەندین کەسی دیکەی نیزیک لە ئەنجومەنەکەمان دەسگیر کراون، لەوانە ڕاگەیاندنکار (بارزان حوسین) لە ئارک و، (د. محەمەد ئەحمەد)، سەرۆکی کۆمەڵەی (هێڤی ب دۆستایەتی کوردی و کازاخی) دەستگیر کراون.''

(عەبدولڕەحمان ئاپۆ) ئەوەیشی خستەڕوو: ''پەکەکە ژیانی سیاسی تێک داوە و چەندین حزب و ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ئەم کردارانەی پەکەکەیان ئیدانە کردووە، بەڵام پەکەکە هیچ بەهای دیموکراتی نازانێت و بیری جیاواز قبووڵ ناکات.''
kdp-
Top