ھەرێمی کوردستان.. ساڵانە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار بە جگەرە دەدرێت

 ھەرێمی کوردستان.. ساڵانە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار بە جگەرە دەدرێت
سەرۆکی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی جگەرە لە ھەرێمی کوردستان، ڕای دەگەیەنێت کە ساڵانە لە ھەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار بە جگەرە دەدرێت و بەپێی دوایین ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی، 23% ی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان و عێراق جگەرەدەکێشن و زۆرینەشیان لە پارێزگای دھۆکن.

لوقمان شێروانی، سەرۆکی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی جگەرە لە ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: "بەپێی داتا نافەرمییەکان، ساڵانە لە ھەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار بە جگەرە دەدرێت و کوالێتی خراپی جۆری جگەرەش زیاتر لە 17 نەخۆشی و شێرپەنجەی پێوەیە بەپێی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان".

سەرۆکی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی جگەرە، ئەوەشی خستەڕوو: "بەپێی دوا رزوپێوی وەزارەتی تەندروستیی عێراق و ھەرێمی کوردستان، 23% ی دانیشتووانی عێراق و ھەرێمی کوردستان جگەرەکێشن، لەو ڕێژەیەش 3% یان ئافرەتن و پارێزگای دھۆکیش لە رووی زۆری جگەرەکێشەوە لەپێش ھەموو پارێزگاکانەوەیە بە ڕێژەی 18%".

لوقمان شێروانی، ئەوەشی روون کردەوە: "لە ھەرێمی کوردستاندا کۆمەڵێ ھەنگاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جگەرە و نێرگەلەکێشان ھەیە، یەکێکیان ئەوەیە کە وەزارەتی تەندروستی بڕیاری داوە مۆڵەتی نوێ بە کافتریا و چایخانەکان نەدات بۆ فرۆشتنی نێرگەلە، یەکێکیشیان بریتییە لە کاراکردنەوەی یاسای نەھێشتنی جگەرەکێشان".

گوتیشی: "بەمەبەستی کەمکردنەوەی ڕێژەی جگەرە و نێرگەلەکێشان لەنێو ھاووڵاتیاندا، لە رۆژی 20/5/2017 بە درووشمی (جگەرە و نێرگەلە مەترسییەکە ھەڕەشە لەسەر گەشەپێدان دەکات) ھەڵمەتێکمان دەستپێ کردووە کە تا 31/5 ڕۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان دەخایەنێت".















باسنیوز
Top