ھەرێمی کوردستان.. ساڵانە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار بە جگەرە دەدرێت
لوقمان شێروانی، سەرۆکی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی جگەرە لە ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: "بەپێی داتا نافەرمییەکان، ساڵانە لە ھەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار بە جگەرە دەدرێت و کوالێتی خراپی جۆری جگەرەش زیاتر لە 17 نەخۆشی و شێرپەنجەی پێوەیە بەپێی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان".
سەرۆکی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی جگەرە، ئەوەشی خستەڕوو: "بەپێی دوا رزوپێوی وەزارەتی تەندروستیی عێراق و ھەرێمی کوردستان، 23% ی دانیشتووانی عێراق و ھەرێمی کوردستان جگەرەکێشن، لەو ڕێژەیەش 3% یان ئافرەتن و پارێزگای دھۆکیش لە رووی زۆری جگەرەکێشەوە لەپێش ھەموو پارێزگاکانەوەیە بە ڕێژەی 18%".
لوقمان شێروانی، ئەوەشی روون کردەوە: "لە ھەرێمی کوردستاندا کۆمەڵێ ھەنگاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جگەرە و نێرگەلەکێشان ھەیە، یەکێکیان ئەوەیە کە وەزارەتی تەندروستی بڕیاری داوە مۆڵەتی نوێ بە کافتریا و چایخانەکان نەدات بۆ فرۆشتنی نێرگەلە، یەکێکیشیان بریتییە لە کاراکردنەوەی یاسای نەھێشتنی جگەرەکێشان".
گوتیشی: "بەمەبەستی کەمکردنەوەی ڕێژەی جگەرە و نێرگەلەکێشان لەنێو ھاووڵاتیاندا، لە رۆژی 20/5/2017 بە درووشمی (جگەرە و نێرگەلە مەترسییەکە ھەڕەشە لەسەر گەشەپێدان دەکات) ھەڵمەتێکمان دەستپێ کردووە کە تا 31/5 ڕۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان دەخایەنێت".
باسنیوز
