وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: بۆ دوورخستنەوەی PKK لە شنگال هەموو رێگەیەک دەگرینە بەر
بەپێی هەندێ سەرچاوەی زانیاری ئەو رێککەوتنەی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کردوویەتی هەموو ئەو هێز و گرووپە نایاساییانە دەگرێتەوە کە بوونەتە هۆکاری نانەوەی ئاژاوە لە ناوچەکە، لەو چوارچێوەیەدا پەکەکە لە شنگال و حەشدی شەعبی لە عێراق و حزبوڵا و چەند هێزێکی دیکەش بەر رێککەوتنەکەی ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی دەکەون.
هەر بەپێی زانیارییەکان کە لە سەرچاوەی ئاگەدارەوە بە (باس) دراون، ئێستا ئەمریکا تاوتوێی ئەوە دەکات دوای شەڕی داعش لە مووسڵ، لە رێگەی فشاری جیاوازەوە (PKK) لە شنگال دوور بخاتەوە.
هەروەکو پێشتر جوناسان کوهین بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رای گەیاندبوو کە مەرجە لەگەڵ دوورخستنەوەی داعش لە مووسڵ، پەکەکەش لە شنگال دوور بخرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش دابوو ئەو پڕۆسەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دەبێت، بەشێوەیەک واشنتۆن هەموو ئۆپشنێک بە روویدا کراوەیە، جا یان دەبێ پەکەکە بەخۆشیی خۆی بچێتە دەرەوە لە شنگال، یان رێگەی تر دەگرینە بەر بۆ کردنە دەرەوەی، وەک ئاماژەیەک بۆ پەنابردن بۆ گورزی سەربازی.
هاوکات سەرچاوەکانی زانیاری ئەوەش ئاشکرا دەکەن کە ئەمریکا پلانی هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی لە عێراق و دوورخستنەوەی هەژموونی دژ بە هاوپەیمانان لە سووریا و تەواوی ئەو ناوچانەی بەهۆی هەندێ هێزی میلیشیاوە تووشی ئاڵۆزی هاتوون.
بەپێێ سەرچاوەکانی زانیاری، ئەمریکا کار بۆ ئەوەش دەکات کار بە رێککەوتنەکانی پێشووی نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە لە رۆژئاوای کوردستان بکرێت و هێزی (لەشکری پێشمەرگەی رۆژ) کە ئەمریکییەکان خۆیان لە هەرێمی کوردستان مەشقیان پێ کردوون، بگەڕێنەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان و پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD سیاسەتەکانی لە PKK دوور بخاتەوە بە جۆرێک دەست بە گفتوگۆکردن بکات لەگەڵ تورکیا و هاوکات بارەگاکانی ئەنەکەسە لە تەواوی رۆژئاوای کوردستان بکرێنەوە و گەرەنتیی ئەوە بکرێن کە ناسووتێنرێن و داناخرێن.
لەلایەکی دیکەشەوە، زانیارییە رۆژنامەوانییەکان ئاشکریان کردووە، کە ئەمەریکا و سعوودیە بە بڕی زیاتر لە 110 ملیار دۆلار رێککەوتنی چەک و سەربازییان کردووە و لە رۆژی یەکشەممەی رابردووشدا 21-5-2017 لووتکەی عەرەبی- ئیسلامی- ئەمەریکی، کە لە ریازی پایتەختی سعوودیە، کە 55 وڵاتی عەرەبی و ئیسلامیی ناوچەکە و جیهان تیایدا ئامادە بوون، رێککەوتن کراوە لەسەر پێکهێنانی هێزێکی (35) هەزار سەربازی لە وڵاتانی عەرەبی، بۆ دژایەتیی تیرۆرزم و دووبارەنەبوونەوەی داعش و رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێز و ئەجێندایانەی کە بوونەتە هۆکاری نانەوەی پشێوی لە ناوچەکە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە لووتکەکەدا رای گەیاند، واشنتۆن دەیەوێت بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کۆتایی بە گرووپە توندئاژۆکان بهێنێت.
پێشتریش ترامپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا لە سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا، جەختی لەوە کردەوە کە پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆرستییە و بۆ کۆتایی پێهێنانی کێشەکەی، هاوکاری تورکیا دەبن.
هاوکات جوناسان کوهین یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) راگەیاندبوو، ئەو هەماهەنگییانەی کە هەیانە لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل لە سووریا هەماهەنگیەکی کاتی و تاکتیکییە.
ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو چەکانەی کە رادەست بەو هێزەیان کردووە بەهۆی بارودۆخی سووریا و شەڕی داعشەوەیە.
له كۆنفرانسێكی ڕۆژنامهوانیشدا له (ریاز) سهبارهت به تیرۆریزم، رێكس تیلرسۆن، وهزیری دهرهوهی ئەمەریكا رەخنەی لە بەشدارینەکردنی ئێران لە لووتکەی عەرەبی - ئیسلامی- ئەمریکی گرت و رای گەیاند، ئێران دەبێت ئەو هێزە توندڕەوانە لە ناوچەکە کۆ بکاتەوە کە پاڵپشتییان دەکات، یان گرێدراوی ئەجێنداکانی ئەون.
چاودێری سیاسی، د. عەبدولکەریم خەسرۆ، مامۆستای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین بۆ (باس) رای گەیاند، پەکەکە و حەشدی شەعبی لەدەرەوەی ئەو رێککەوتنە نابن کە ئەمریکا و سعوودیە و وڵاتانی عەرەبی واژۆیان کردووە، گوتیشی: ”مەبەستی سەرەکیی ئەو رێککەوتنە دژایەتیی تیرۆر و بەدواداچوون و نەهێشتنی فاکتەرەکانی ناسەقامگیری و شەڕی تایفیییە”.
ئەو چاودێرە راشی گەیاند، لەو لێکتێگەیشتنەی کە هەیە، هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئەمەریکا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە بەبێ دوورخستنەوەی ئەو هێزانەی کە هۆکاری ئاڵۆزی ناوچەکەن، ناتونرێ سەقامگیری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست بهێنرێ.
لای خۆشیانەوە، چاودێری سەربازی، لیوا محێدین یونس بۆ(باس) رای گەیاند، پەکەکە و حەشدی شەعبی گرێدراوی یەک ئەجێندای ئیقلیمین لە ناوچەکە و هەر رێککەوتنێک کرابێت ئەوە هەڵوەشانەوە و دوورخستنەوەی ئەو دوو هێزە دەگرێتەوە کە مەرج نییە دوورخستنەوەکان هەمووی بە پڕۆسەی سەربازی بن، بۆ هەر یەکێک لەو هێزانە ئەمریکا پلانێکی هەیە.
جدعان عەلی ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا، بۆ (باس) رای گەیاند، لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەشکری رۆژ سوودی ماددی و مەشقی سەربازیی لە ئەمریکا وەرگرتووە و دواجار ئەو هێزە کە لە گەنجانی کورد لە کوردستانی سوریا پێکهاتوون، بەپێی پلانی ئەمریکا دەگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان.
گوتیشی: "ئەوەی ئێستاش دەبینرێ ئەمریکا وەکو پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان سەیری پێشمەرگەی رۆژ دەکات، ئەوەش بۆ داهاتووی کورد لە سوریا دەستکەوتی گەورەیە، کە گەلی کورد لەو پارچەیەی کوردستان خاوەنی هێزێکی وەکو لەشکری رۆژە کە لە شەڕی تیرۆر لە شنگال و زومار و ناوچە کوردستانییەکان دەورێکی کاریگەری هەبووە و هاوشانی پێشمەرگە و ئەمریکا شەڕی تیرۆریستانی کردووە".
لای خۆشیانەوە، عهبدولباسیت سهیدا، سهرۆكی پێشووی كۆنسهی نهتهوهیی سووریا، له لێدوانێكی تایبهتدا بۆ (باس) رای گەیاند، واشنتۆن له رووی ستراتیژییهوه لهگهڵ مهسعود بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستان كار دهكا، ههروهها پێشمهرگهكانی رۆژئاوایش دهگهڕێنهوه بۆ رۆژئاوا و رۆڵێكی باشیان دهدرێتێ، گوتیشی: “ترامپ بۆ ئهوهی له سووریا پێگهی خۆی بههێز بكات، لهگهڵ بارزانی و توركیا بهیهكهوه ههنگاو دهنێن و كار دهكهن".
ئهو باسی لهوهیش كرد، كێشهی كوردی رۆژئاوا لهگهڵ سووریا له ساڵی 1960ـهوه بوونی ههیه، بهڵام پهكهكه و پهیهدا ماوهی 4 ساڵه هاتوونهته ناو رۆژئاوا و دهیانهوێت لهسهر حیسابی كورد ستراتیژییهتی خۆیان جێبهجێ بكهن، بۆیه بوونی پهكهكه و باڵادەستیی پهیهده كاتین و بهردهوام نابن له رۆژئاوا.
محەمەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بۆ(باس) رای گەیاند، ئەو رێککەوتنانەی کە کراون سیاسی و ئەمنی و سەربازین بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نوێ بۆ لێدان لە گرووپە تیرۆرستییەکانی وەکو قاعیدە و داعش و هەروەها ئەو گرووپانەی کە بوونەتە هۆکار بۆ نانەوەی ئاژاوە لە ناوچەکە، گوتیشی: “ئەو هەوڵی بنبڕکردنە هەر یەک لە قاعدە و داعش و حزبوڵا دەگرێتەوە، کە کاری تیرۆرستی ئەنجام دەدەن و لە لیستی تیرۆری جیهانیدان، هەروەها هەموو ئەو میلیشیایانەش دەگرێتەوە کە ناڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتییان لێ دەکرێت”.
بەڵام سیاسەتوان، د. مەحمود عوسمان بۆ (باس) رای گەیاند، بوونی هەر ئاڵۆزییەک لە ناوچەکە بە شەڕ و ئاڵۆزی، بەرژەوەندیی کوردی تێدا نییە، چونکە شوێنی ئاڵۆزییەکان گۆڕەپانی کوردستانە یان نزیک دەبێت لێیەوە، گوتی: ”بەشداری نەکردنی ئێران لە لووتکەی عەرەبی - ئەمەریکی دیارە کە رێککەوتنەکە لە دژی بووە، بەشداری نەکردنی عێراقیش بۆ ئەوە بووە کە ئێران نیگەران نەکات، چونکە ئەگەر بچوایە ئیحراج دەبوو، بەڵام ئەوە نازانرێ ئەمەریکا چۆن سەیری نەهاتنەکەی عێراق دەکات، لەبەرامبەر بەوە کە ترامپ لەو سەردانەی دێتە عێراق یان دێتە هەولێر ئەوە نازانرێ“.
ئەو سیاسەتوانە راشی گەیاند، ئەگەر ئەمەریکا گەرەنتیی سەربەخۆیی بدات بە کوردستان، ئەوە بۆ کورد باشە پشتیوانیی لە پڕۆژەکانی بکات، بەڵام ئەگەر ئەو گەرەنتییە نەبێت، خۆدانەپاڵ رەنگە بە زیان بشکێتەوە، گوتیشی: ”لە دۆخێکدا خۆمان بخەینە پاڵ ئەمەریکا و رێککەوتن و زەمانی پاراستن و سەربەخۆیی و هاوکاریمان هەبێت لە رووی سیاسی و ئابووری ئەوە باشە، بەڵام ئەگەر ئەوە نەبێت، لەبەرامبەر بەوە ئێران کاردانەوەی دەبێت لەبەرامبەرت و ئەوەش بە زیان بۆ سەرت دەشکێتەوە“.
جەختی لەوەش کردەوە، بۆ کورد گرنگە لەم قۆناغەدا بەدوای بەرژەوەندیی خۆی بکەوێت و بۆ هەر هەنگاوێک کە هاوێشتی، داوای زەمان لە هاوپەیمانەکانی، بەتایبەتی ئەمەریکا کە وڵاتێکی گەورەیە، بکات.
باسنیوز
