نێچیرڤان بارزانی: هیوا دەخوازێت کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان

نێچیرڤان بارزانی:  هیوا دەخوازێت کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان
کەمێک لەمەوبەر (دووشەممە 22/5/2017)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە یاوەریی شاندێک کە لە (فازڵ میرانی، د. ڕۆژ نووری شاوەیس، هۆشیار زێباری، مەحموود محەمەد و دڵشاد شەهاب) پێکهاتبوون، سەردانی گڵکۆی نەوشیروان مستەفایان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی کرد و تاجە گوڵینەیان لەسەر گۆڕەکەی دانا.



هاوکات لە وتەیەکدا کە دوای دانانی تاجە گوڵینەکە پێشکەشی کرد، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد: ”ئێمە بۆ دەربڕینی سەرەخۆشیی خۆمان و هاوسۆزی و هاوخەمیمان لەگەڵ برایانمان لە سەرکردایەتیی گۆڕان و خانەوادەی نەوشیروان مستەفا هاتووین بۆ سلێمانی. نەوشیروان مستەفا وەک سەرکردەیەکی ئەم وڵاتە هەمیشە جێی ڕێز و تەقدیر بووە، ئەگەر سەیری ژیانی بکەین، دەبینین لەپێناو ئەو شتانەی باوەڕی پێ بووە و ژیانی لە تێکۆشان لەپێناو گەلەکەی ژیانی خەرج کردووە“.



دووپاتیشی کردەوە: ”بەناوی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی یەکێتی و خانەوادەی بەڕێزیان، سەرەخۆشی لە خانەوادە و سەرجەم کەسوکار و لایەنگرانی دەکەین. هیوادارین ئەمە ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئێمە ئەو کێشانەی لە کوردستان هەیە، بتوانین لەگەڵ گۆڕان و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان چارەسەر بکەین“.



هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە هەرچەندە لە ڕابردوودا ناکۆکیی سیاسی لە نێوانیاندا هەبووە، بەڵام کاری هاوبەش کراوە و لە ساڵانی پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕینیشدا نەوشیروان مستەفا ڕۆڵی هاوبەشی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرکردەکانی دیکەدا گێڕاوە.



هاوکات عومەری سەید عەلی، یەکێک لە سەرکردەکانی گۆڕان، لە وتەیەکدا بەخێرهاتنی نێچیرڤان بارزانی و شاندە یاوەرەکەی کرد و ڕای گەیاند: ”هیوامان وایە بە هەموو لایەک ئەو کێشە و گرفتە سیاسییانەی کە لەناو ڕیزەکانی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورددا هەیە، بەتایبەتی لەنێوان پارتی و گۆڕاندا هەیە، بە شێوەی دایەلۆگ و برایەتی و تەبایی چارەسەری بکەین و ئەو مەسەلانە بخەینە لاوە و یەکتر پەراوێزخستن و ئەو بابەتانە نەبێت، واقیعی کۆمەڵگەی کوردستان باشتر بکەین و ئەو دۆخەی هەیە بەرەو پێشی ببەین“.




باسنیوز
Top