رووسیا ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه نوێنه‌ری تایبه‌تی خۆی بۆ ریفراندۆمی كوردستان بنێرێت
نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له رووسیا، ئاماژه به گرنگی سه‌ردانی دوو شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌رده‌ن و ئه‌مریكا ده‌كات، كه ده‌سكه‌وتی زۆر باش به‌ده‌ست دێن و ده‌بێت چاوه‌ڕوان بكه‌ین.
خۆشه‌وی مه‌لا ئیبراهیم، نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له رووسیا، راگه‌یاند: "چوونی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌مریكا، هاوكاته له‌گه‌ڵ پرسی ریفراندۆم و پرسی سه‌ربه‌خۆی كوردستان و پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی، بۆیه زۆر گرنگه چوونی ئه‌م شانده باڵانسی هێزی كوردستان له ده‌ره‌وه به‌رز بكاته‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا، چونكه ئه‌مریكا ده‌سه‌ڵاتی هێزی سیاسی و ئابووری جیهانی به‌ده‌سته، ئه‌و بڕیار بدات زۆرێك له وڵاتان ده‌كه‌ونه ژێر كایگه‌ری بڕیاره‌كه‌یه‌وه، ئه‌مریكا ٪١٦ به‌رهه‌می ئابووری جیهان به‌ڕێوه ده‌بات، ڕۆڵی به‌هێزی له هه‌موو جیهان هه‌یه و بریاره‌كانی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه".
نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له رووسیا، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "ئه‌مه‌ریكا هه‌ر بڕیارێك بدات وڵاتانی دیكه پشتیوانی ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌ڕاسته‌وخۆ نه‌بێت، به‌ناڕاسته‌وخۆ پشتگیری ده‌كه‌ن، كاك مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌وێ جێگری وه‌زیری به‌رگری، خه‌ڵكێكی زۆری له كۆنگرێس بینووه، كۆنگرێس ڕۆلی به‌هێزی له ئه‌مریكا هه‌یه، ده‌توانێت بڕیار بدات، هه‌ندێك بڕیاری هه‌یه له ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك كۆماریش نییه".
ئه‌وه‌شی روون كرده‌وه: "كاتی سه‌ردانی مه‌سرور بارزانی و شانده‌كه‌ی زۆر گرنگ بوو، چونكه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كورد پێویستی به پشتیوانی ناوخۆ هه‌یه، پێویستی به پشتگیری ده‌ره‌وه‌ش هه‌یه، به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا كه ئێستا هه‌وڵه‌كانی بۆ هاوكاری پێشمه‌رگه و هه‌ماهه‌نگی له‌به‌ره‌كانی جه‌نگ له‌گه‌ڵ كوردستان چڕ كردوه‌ته‌وه".
خۆشه‌وی مه‌لا ئیبراهیم، بۆ (باس‌نیوز) گوتیشی: "سه‌ردانی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئوردن، یه‌كێكی دیكه بوو له گوژمه به‌هێزه‌كانی دیپلۆماسیه‌تی كورد، ئوردن پشتیوانی له دۆزی كورد ده‌كات و دراوسێی عێراقه، ئه‌گه‌ر دان به سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بنێت، گرنگ ده‌بێت، ئوردن یه‌كێك بووه له وڵاتانه‌ی كونسوڵخانه‌ی له كوردستان كرده‌وه ره‌نگه ئه‌م سه‌ردانه پاشخانی دیكه‌شی هه‌بێت".
له‌باره‌ی رای وڵاتی رووسیا له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆم، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له رووسیا، جه‌ختی له‌وه كرده‌وه: "له‌سه‌ر پرسی ڕیفراندۆم، به فه‌رمی ئاگاداری رووسیا كراوه‌ته‌وه و یه‌كێك له ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی رووسیا ئاگاداری كردمه‌وه كه ئاماده‌ن نوێنه‌ریان بۆ ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان بنێرن"
bas news-
