"چەند کەسێک بە تۆمەتی تیرۆرکردنی محەمەد یونس داواکراون"
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک _گەرمیان، (عەدنان کەرکووکی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''کەیسی (محەمەد یونس)، کادیری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان کە ماوەیەک پێش ئێستا تیرۆر کرا، دوو لیژنەی بۆ دروست کرابوو، یەکێکیان لە کەرکووک و ئەوەی دیکەش لە بەغداوە ھاتبوو، پەڕاوی لێکۆڵینەوە و ناوی چەند کەسێکیان پێشکەشی پارێزگار کردووە و چەند کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی تۆمەتبارن، کە سەر بە پۆلیسی سلێمانین، بەڵام تا ئێستا ھیچ ناوێک ئاشکرا نەکراوە و باشتریش وایە ئاشکرا نەکرێت، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەکان ڕێکاری خۆیان بگرنە بەر.''
(عەدنان کەرکووکی) گوتی: ''ھەندێک ناو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، کە گوایە ئەوان ئەوکەسەیان تیرۆر کردووە، ئەمە ڕاست نییە، چونکە ھێشتا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.''
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک _گەرمیان ڕوونی کردەوە: ''ناوی ئەوکەسانەی داواکراون ڕادەستی پارێزگار کراون، بۆ ئەوەی ئەویش ڕادەستی پۆلیسی بکات و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەوکەسانە دەربکەن و دەستگیریان بکەن، ئینجا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا دەبن.''
(عەدنان کەرکووکی)، باسی لەوەش کرد: ''ڕووداوی کوشتن و دزین و فڕێدانی تەرم لە کەرکووک زۆر بووە و تەنیا لە ماوەی نیزیک بە یەک مانگدا ١٨ تەرم دۆزراونەتەوە و ١٣ کەسیش کوژراون، بۆیە ئەو حاڵەتانە زۆر بووە.''
kdp-
