مامۆستایەکی زانکۆ: بارزانی وردەکاریی ڕیفراندۆم لە چەند وڵاتێک دەگەیەنێت

 مامۆستایەکی زانکۆ: بارزانی وردەکاریی ڕیفراندۆم لە چەند وڵاتێک دەگەیەنێت
سەرۆکی پەیمانگای راگەیاندن و لێکۆڵینەوەی سیاسی، ئاماژە بەوە دەدات کە سەردانەکانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ وڵاتان پێویستە، تاکو متمانە و پشتیوانیی زیاتر بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەدەست بێنێت.

د. رەزوان بادینی، مامۆستای زانکۆ و سەرۆکی پەیمانگەی راگەیاندن و لێکۆڵینەوەی سیاسی،رایگەیاند: "ئەوە دەرفەتێکی زۆر گونجاو بوو، کە بارزانی لە یەک شوێندا چەندان کەسی بینیوە کە ھەڵوێستیان بۆ کوردان گرنگ بووە، بۆیە پرس و ڕا گۆڕینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە گرنگە، تاوەکوو تێیان بگەیەنرێت کە کورد ئامانجی لە ریفراندۆم چییە".

سەرۆکی پەیمانگەی راگەیاندن و لێکۆڵینەوەی سیاسی، ئەوەشی خستەڕوو: "بارزانی دەیەوێت ئامانجی ریفراندۆم بۆ وڵاتانی دەوروبەر روون بکاتەوە، چارەنووسی کورد دیاری بکات، کە ھەموو کورد چاوی لەوەیە بگاتە سەربەخۆیی، چونکە ھەرێمی کوردستان لەم چەند ساڵەی دوای، رووبەڕووی زۆر ستەم و گرفت بوویەوە، بودجەی بڕا، گرفتی سیاسی و ئابووری بۆ دروست کرا، جگە لە رووبەڕووبوونەوەی شەڕی داعشیش".

گوتیشی: "لە ھەموو حاڵێکدا ئەو سەردانانەی بارزانی گرنگە، چونکە پشتیوانی و متمانەی زیاتر بەدەست دێنێت، ئەو سەردانەی بارزانیش بۆ ئوردن زۆر گرنگ بوو، بەتایبەت کە شا عەبدولڵا وەک باوکی دۆستی کورد بووە، پێموایە لە دەرفەتی سەربەخۆیی، ئەو پێشوازیی لە کورد دەکات".

رۆژی 18/5/2017، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی شای ئوردون، گەیشتە پایتەختی ئەو وڵاتە و بەشداریشی لە چالاکییەکانی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی کرد کە لە کەناری دەریای مردوو دەبەسترێت. لەم ماوەیەشدا زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیداری گرنگی لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان ئەنجام داوە.

















باسنیوز
Top