قایمقامی ھەولێر: ھەڵمەتێک بۆ لابردنی زێدەڕەوییەکان لەسەر کارەبا دەست پێ دەکات
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزا و ناوەندی ھەولێر بەوەکالەت، ڕایگەیاند: "ھەڵمەتێک بۆ لابردنی زێدەڕەوییەکان لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی دەست پێ دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ ھەر سێ بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای ھەولێر 1، 2 و 3 کۆبوونەوە ئەنجام دراوە و بەرنامەیەکی بۆ دانراوە، ئەوەش وەک ھەنگاوی یەکەم بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبای ھەولێر ئەنجام دەدرێت".
ئەوەشی خستەڕوو، کە ھەڵمەتەکە ڕۆژی دووشەممە 22/5/2017، دەست پێ دەکات، ھەروەھا بەردەوامیشی دەبێت، تا کۆتایی بە ھەموو زێدەڕەوییەکان دێنن، ھێمای بۆ ئەوەش کرد: "ئەو کەسانەی زێدەڕەوییان کردووە، سزا دەدرێن بەوەی کە کارەباکەیان دەپچڕێنین و ئاگادارییەکی فەرمییان پێ دەدەین، ئەگەر دووبارەی بکەنەوە، ئەوا ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە".
باسنیوز
