”دوای سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ واشنتۆن قۆناغێکی نوێ دەست پێدەکات“
سیروان کاکەیی، چاودێری سیاسی، لەسەر سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان،ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی شاندی ھەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەردانی واشنتۆنی کرد، لە دوا دیداردا مەسرور بارزانی، لەگەڵ کێنێپ ھاندڵمان، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا و چەند بەرپرسانی دیکەی وەزارەتی بەرگری کۆبویەوە، باس لەوە کراوە کە چۆن ھاوکاری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بکرێت، ھەڵبەتە ئەمە زۆر گرنگە بۆ ئێستای کوردستان بچێتە قۆناغێکەوە راستەوخۆ لە ئەمریکاوە داوای پشتیوانی بۆ پێشمەرگە بکات".
ئەو چاودێرە سیاسییە، ئەوەشی روون کردەوە: "لەوە دەچێت ھاوکارییەکان لەو ڕوانگەوە بێت، کە ئیتر کوردستان و ئەمریکا پێدەنێنە قۆناغێکی نوێوە، بەتایبەت دوای نەمانی داعش".
ئەوەشی خستەڕوو: "ئیدارەی ئەمریکا زۆر گرنگە، لە نزیکەوە و راستەوخۆ شاندی ھەرێمی کوردستان ببینن، چونکە ناکرێت لە روانگەی عێراقەوە داواکاریی پێشمەرگە بدرێتە ئەمریکا، رەنگە ئەم سەردانەی مەسرور بارزانی، رێگا بۆ سەردانی دیکەش خۆش بکات، کە لە داھاتوو رەنگە شاندی گەورەی سیاسیی سەردانی ئەمریکا بکات، بۆیە ئەمە دەبێتە پێشخانێک بۆ ئەوەی روانگەی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا روون بکاتەوە“.
لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە، مەسرور بارزانی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی کوردستان، لە واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و لەم ماوەیەدا زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ ئەنجام داوە.
باسنیوز
