حەیدەر شەشۆ: ئاوارەکان لە ترسی پەکەکە بۆ زێدی خۆیان لە شنگال ناگەڕێنەوە
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی ئێزدیخان، ڕایگەیاند: ”شنگال بەهیچ شێوەیەک لەلایەن پەکەکەوە ئاوەدان ناکرێتەوە، بەڵکوو تەنیا پەکەکە کێشە و گرفت بۆ خەڵکی شنگال دروست دەکات، بوونی پەکەکە لە شنگال هۆکاری سەرەکیی ئاوەدان نەکردنەوەی دەڤەرەکەیە“.
جەختیشی لەوە کردەوە: ”ئێمە داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، دەست بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال بکات و پەکەکەش ناوچەکە چۆڵ بکات و هێزەکانی بکشێنێتەوە، چونکە ئاوارەکانی شنگال لەبەر بوونی پەکەکە دەترسن بۆ ناوچەکانیان بگەڕێنەوە“.
حەیدەر شەشۆ ئەوەی نەشاردەوە کە ئەوان لەگەڵ ئەوەدا نین، پەکەکە شنگال بکاتە ”قەندیلی دووەم“ و گوتی: ”شنگالی قەبوڵ ناکەن ناوچەکەیان ببێتە جێگەی ململانێی سیاسی، پێویستە پەکەکە بۆ شوێنی خۆی بگەڕێتەوە“. دووپاتیشی کردەوە: ”تائێستا پەکەکە هۆکار و ڕێگر بووە لەبەردەم گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ دەڤەری شنگال، بەڵام لێرە بە دواوە پێویستە پەکەکە لەوە بگات و هێزەکانی لە شنگال بکشێنێتەوە، چونکە هیچ کارێکی ئەوان لە شنگال نەماوە و لەمەودوا خەڵکی شنگال خزمەتگوزاری و ئارامی و ئاشتی و ئاوەدانییان پێویستە و ئەوەش تەنیا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی شنگالی دەکات“.
باسنیوز
