سەربەست لەزگین: جارێ ھەڵوێستی خۆمان ڕانەگەیاندووە.. دەمانەوێت بە گفتوگۆ چارەسه‌ری بكەین

سەربەست لەزگین: جارێ ھەڵوێستی خۆمان ڕانەگەیاندووە.. دەمانەوێت بە گفتوگۆ چارەسه‌ری بكەین
سەرپەرشتیاری ھێزی پێشمەرگە لە شنگال ڕایگەیاند، گفتوگۆكردن لەبارەی پێشێلكردنی رێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا لەلایەن حەشی شەعبییەوە لە سنووری شنگال بەردەوامە و، دەیانەوێت لە رێگەی گفتوگۆوە ئەو كێشەیە چارە بكەن، نەك شەڕ، بۆیە چاوەڕێی ئەنجامەكان دەكەن.

(سەربەست لەزگین)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەپێی ئەو رێككەوتنەی كرابوو، دەبوو ھێزی پێشمەرگە ئەو ناوچانەی كوردی ئێزدی رزگار بكات كە لە دەست داعشدا ماون و، حەشدی شەعبییش بەعاج و بلێج رزگار بكەن، بەڵام لە ئێستادا ھاتوون بۆ ئەو ناوچانە كە ئەمە پێچەوانەی رێككەوتنەكەیە".

سەرپەرشتیاری ھێزی پێشمەرگە لە شنگال گوتیشی: "لە ئێستادا دانوستان بەردەوامە بۆ چارەكردنی ئەو كێشەیە و، ھەر دوێنێیش (فالح فەیاز) راوێژكاری ئاساییشی نیشتیمانیی عێراق كە كەسی یەكەمی ناو حەشدی شەعبییە، لای (سەرۆك بارزانی) بووە و سەردانی كردووە، بۆیە ئێمە نامانەوێت بە شەڕ كێشەكان چارە بكەین ودەمانەوێت لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستان ئەو كێشانە چارە بكرێن، چونكە ئەوانیش شەڕی داعش دەكەن".

(لەزگین) ڕوونیشی كردەوە: "تاوەكو ئێستا گفتوگۆكان بەردەوامن و ئێمەیش جارێ ھەڵوێستی خۆمان ڕانەگەیاندووە و چاوەڕێی ئەنجامەكان دەكەین، بۆ ئەوەی بزانین چی ڕوو دەدات".

سەرپەرشتیاری ھێزی پێشمەرگە لە شنگال راشیگەیاند: "پێشمەرگە ناوچە كوردییەكان دەپارێزێت و رێگە نادەین حەشدی شەعبییان تێدا بێت، چونكە پێویستمان بە ھیچ ھێزێكی دیكە نییە".
kdp-
Top