فه‌رمانده‌یه‌كی خانه‌نشینكراوی توركیا: ئه‌مریكا له رۆژئاوا و باشوور ده‌وڵه‌تی كوردی داده‌مه‌زرێنێ
عوسمان پامووكئۆغلو فه‌رمانده‌ی خانه‌نشینكراو له سوپای توركیا، پێی وایه ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به رۆژئاوا ده‌یكات به‌وه‌ی چه‌كی قورسیان ده‌داتێ و توركیاش فه‌رامۆش ده‌كات، پێمان ده‌ڵێ به نیازه له رۆژئاوا و باشووریش ده‌وڵه‌تی كوردی دابمه‌زرێنێ.
له دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ سایتی (تی 24)، عوسمان پامووكئۆغلو فه‌رمانده‌ی خانه‌نشینكراو له سوپای توركیا، له باره‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی كۆشكی سپی بۆ پڕچه‌ككردنی یه‌په‌گه، پێی وایه ئه‌م په‌یامه پێمان ده‌ڵێ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت یه‌په‌گه له هێزی گه‌ریلاوه بكاته هێزێكی نیزامی و یاسایی، هه‌روه‌ها به نیازیشه ده‌وڵه‌تی كوردی له رۆژئاوا و باشوور دابمه‌زرێنێ.
ئه‌و ده‌ڵێ "ئه‌گه‌ر له باشوور و رۆژئاوا ده‌وڵه‌تی كوردی دابمه‌زرێ، ئه‌وكات توركیاش ناچار ده‌كرێت ئۆتۆنۆمی یان فیدراڵییه‌ت به كورده‌كانی بدات، خۆی ئه‌مریكا هه‌ر ماوه‌یه‌كی زۆره چاوی بڕیوه‌ته خاكی توركیا و ده‌یه‌وێ كوردی لێ جیا بكاته‌وه".
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی دا كه ئێستە ته‌نیا ئه‌مریكایه به نهێنی باس له دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌كات له رۆژئاوا، به‌ڵام رووسیا و به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نساش پشتگیری لێ ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌وان ده‌یانه‌وێ له رێگه‌ی عه‌فرینه‌وه شوێنێك بدۆزنه‌وه تا غاز و نه‌وتی پێ بنێرنه ئه‌ورووپا، دیاره مینای ئهسكهندهرۆنیش باشترین شوێنه بۆ ئه‌وان و ده‌یانه‌وێت ئه‌و شوێنانه له ده‌ستی په‌كه‌كه بێت بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و گازی سروشتی.
bas news-
