یەکێتی گۆڕانکاری لە کۆمیتە و مەڵبەندەکانی دەکات

 یەکێتی گۆڕانکاری لە کۆمیتە و مەڵبەندەکانی دەکات
بە مەبەستی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ھەیکەلی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھەفتەی داھاتوو، سەرکردایەتیی ئەو حزبە، لێژنەیەکی تایبەت بۆ ڕێکخستنەوەی پۆستی مەڵبەند، کۆمیتە و سەرجەم ئۆرگانەکانی پێک دەھێنێت و ژمارەیەک پۆستی باڵا بە چەند کەسێکی نوێ لەنێو ئەو حزبە پڕ دەکرێتەوە.

کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی کە ھاوکات بە کەسی یەکەمی باڵی ناوەندی بڕیاری یەکێتی دادەنرێت، داوای ژمارەیەک پۆستی باڵای کردووە، لە بەرامبەریشدا باڵی دەست ڕۆیشتووی یەکێتی کە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد سەرۆکایەتی دەکات، ئامادەیی خۆی بۆ پێدانی چەند پۆستێکی باڵا بە باڵی ناوەندی بڕیار، نیشان داوە.

لەمبارەیەوە لەتیف شێخ عومەر، بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانیی یەکێتی، لە لێدوانێکدا ڕای گەیاند: "یەکێتی بڕیاری داوە، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە تەواوی ئۆرگانەکانیدا بکات، بێگومان ئەو گۆڕانکارییانە خۆی لە ئاڵوگۆڕکردنی پۆستە حزبی و حکوومییەکان دەبینێتەوە".

بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو: "ھەفتەی داھاتوو، یەکێتی لێژنەیەکی تایبەت بۆ ئاڵوگۆڕکردنی پۆستە حزبییەکان پێک دەھێنێت، ئەوکاتە گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکان دەکرێت و جگە لەوەی گۆڕانکارییەکان ئۆرگانەکانی یەکێتی دەگرێتەوە، ئەو شوێنانەش بە کەسانی دڵسۆز پڕ دەکرێنەوە کە تائێستا بەبێ بەرپرسیارییەتی ماونەتەوە".

لەبارەی ئەو پۆستانەی کە بە باڵی ناوەندی بڕیار دەدرێن، لەتیف شێخ عومەر لە لێدوانەکەیدا بێ ئاگایی خۆی دەربڕی و گوتی: ”شتێکی وەھام نەبیستووە، بەڵام ھەموو لایەک دەیەوێت گۆڕانکاری لە ھەیکەلی یەکێتی بکرێت، بۆ ئەوەی ڕیزەکانی یەکێتی زیاتر تۆکمە بکرێنەوە و ھەموومان خزمەتی حزبەکە بکەین".












باسنیوز
Top