نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە پەرلەمانتار ڤیان دەخیل دەکات
"نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزباییی وەرگرتنی خەڵاتی لانتۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە پەرلەمانتاری کوردی ئێزدیی پەرلەمانی عیراق لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان خاتوو ڤیان دەخیل دەکات کە چوارشەممەی ڕابردوو لە کۆنگرێسی ئەمەریکا پێی بەخشرا. ئەمە دەقەکەیەتی:
"بەڕێز خاتوو ڤیان دەخیل،
ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان.
سڵاو و ڕێز...
پڕ بەدڵ وەرگرتنی خەڵاتی لانتۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێوەی بەڕێز پیرۆز دەکەم. بەخشینی ئەم خەڵاتە لەلایەن دامەزراوەی لانتۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەرییەوە بە بەڕێزتان، ڕێزلێنان و پێزانینی ڕۆڵی دیار و بەرچاوی ئێوەیە لە بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەری، بەتایبەتیش لە بەرگریی بێوچانتان لە مافەکانی خوشک و برایانی ئێزدیمان و ھەوڵدانتان بۆ گەیاندنی ئێش و ئازارەکانیان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ھەروەھا بەرگریکردن و پاراستنی مافەکانی منداڵان و ئافرەتان و یارمەتیدانیان، ھەوڵی بەردەوامتان بۆ کارکردن لەپێناو ڕزگارکردنی ئەو خوشک و برا و منداڵە ئێزدییانەی ھێشتا لەژێر دەستی تیرۆرستاندا ماون.
ھیوای سەرکەوتن و بەردەوامیی ھەوڵ و چالاکییەکانتان لەم پێناوەدا دەخوازین، کە مایەی ڕێز و پێزانینی ئێمە و ھەموو مرۆڤپەرەوەران و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و دادپەروەرییە، ھەموو پشتیوانی و پشتگیرییەکیش بۆ سەرخستنی ئەم پەیامە مرۆییەتان دووپات دەکەینەوە.
دووبارە پیرۆزباییتان لێدەکەم و ھەر سەرکەوتوو بن."
payamner-
