ئايا كۆتایی تیرۆریستانی داعش نزیك بووه‌ته‌وه‌؟

 ئايا كۆتایی تیرۆریستانی داعش نزیك بووه‌ته‌وه‌؟
دەوڵەتە بە ناو ئیسلامییەکە داعش کەوتووەتە بەر ئاگری سەربازانی ڕووس، تورک، کورد، عێراقی، سووری و هەروەها هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا و بەشێکی گەورە لە خاوەن دەسەڵات و هێزی سەربازی، ئایا دەکرێت بڵێین ئەو گرووپە بە ناو ئیسلامییە کەوتووەتە گیانکەنیشت؟

هاوینی ئەمساڵ، شاری مەنبەج لە باکووری سوریە لە دەستی داعش ئازاد کرا. هێشتا کۆتا داعش بە تەواوی پێیەکانی نەخستبووە دەرەوە، ئەم شارە ژیایەوە. پیاو لەسەر شەقام ڕیشی یەکتریان کورت دەکردەوە، ژن پەچەیان دادەکەند و دەیانسووتاند؛ پیرەژنێکیش بۆ خۆی مژی لە جگەرەکەی دەدا و بزگە دەیگرتەوە؛ خۆی ئەو کارانە لە سەردەمی داعشدا هەرهەمووی قەدەغە بوو.

مەنبەج یەکێکە لەو شارانەی کە لە دەست داعش ئازاد کراوە، هەروەها شاری گەورەتر و لەوانەیە گرنگتریش وەکو کۆبانێ، تکریت، فەلوجەیش پێشتر لە دەستی داعش ئازاد کراون.

فراوانی ناوچە قەڵەمڕەوەکانی داعش کە لە دەستی داون چەندە؟
تایبەتمەندانی گرووپی (داعش)، کە لێکۆڵینەوە لە گۆڕانکارییەکان لە فەرمانڕەوایی دەوڵەتە بەناو ئیسلامییەکەی داعش دەکەن، لەسەر بنەمای ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەسەر نەخشەی جوگرافیی ناوچەکە ڕوودەدات، فراس ئەبووعەلی، شیکەرەوەی وەزعی داعش، دەڵێت: ئەگەر بیابانەکان ئەژمار بکەین، داعش نزیکەی نیوە خاکی ژێر فەرمانڕەواییەکەی لەدەست داوە.

بەڵام پێوەری ڕاستتر لەوانەیە شارەکان بێت. لەبەرئەوەی لەدەستدانی شارێکی وەکوو مەنبەج بە واتای پچڕانی دەستگەیشتنی داعش بە مەرزەکانی تورکیا و، لە ئەنجامدا گەیشتن بە چەک و پێداویستیەکان و هاتنی ئەندامی نوێ بۆ نێو ئەو گرووپە تیرۆریستیە ڕێگەی لێ گیرا.

بە گوتەی فراس: کاتێک دەسەڵاتت بەسەر خاک و خەڵکەکەیدا هەبێ، ئەوا دەتوانی سەرچاوەی داراییش مسۆگەر بکەی، بەڵام کاتێک قەڵەمڕویت نەما، داراییش بەدوایدا نامێنێت.

گریمانەی فراس، لەمەوە سەرچاوەی گرتووە، کە ئێستا داعش نزیکەی یەک لەسەر سێی تواناکانی لەدەستداوە، بە پێشبینی ئەو گرووپی تیرۆریستی داعش تا کۆتایی ساڵی 2017، لەڕووی سەربازییەوە لەناو دەچێت.

پرسیاری گەورە ئەوە کە ئایا داعشەکان دەتوانن هەندێک لەو شارانەی کە لەدەستیانداوە جارێکی دیکە داگیری بکەنەوە؟ ئەم بابەتە پەیوەندی بە پارێزگاریی خەڵکەکە لەناوچەکانیان هەیە.

حەسەن حەسەن، یەکێکە لەو سوریانەی کە شارەکەی چەند ساڵێک پێش ئێستا کەوتووەتە ژێر قەڵەمڕەویی داعش، ئێستا شیکەرەوەیە لە دەزگای (تەحریر) لە واشنتۆن، ئەو لەماوەی ئەو چەند ساڵە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە لەگەڵ ئەندامانی داعش لە پەیوەندیدا بووە و لەو باوەڕەدایە کە شتێک گۆڕاوە.

دەڵێت: ئاشکرایە کە نیگەرانن، داعشه‌كان بە تەواوی هەست بەوە دەکەن لەلایەن خەڵکەوە ئەو گەروموگوڕییە نەماوە کە لە ساڵی 2014 و پێشتریش هەبوو بۆ گەیشتن بەنێو ئەو گرووپە تیرۆریستییە، کە دەسەڵاتەکەی بەردەوام ڕووی لە فراوانی بوو.

بەڵام ئەو ڕۆژانە خەریکە بە ئاودا دەڕوات. هەزاران چەکداری ئەو گرووپە تیرۆریستیە لە بەرەکانی شەڕ ڕادەکەن. بە ڕوانینەکانی حەسەن، بە لەبەرچاوگرتنی کوژراوەکانیان، ژمارەیان بۆ نیوە کەمبۆتەوە.

وەختی خۆی کەسانێک بۆ (بە ناو خەلافەت)ـەکەی داعش چەکیان بەدەستەوە دەگرت و هەروەها پارێزگاریشیان لێی دەکرد، یان لانی کەم بەرگەی خراپەکارییەکانی بەناو خەلافەتەکەیان دەگرت، بوونی ئەو جۆرە کەسانە کاری داگیرکردنی شارەکانی بۆ داعش ئاسانتر دەکرد، بەڵام ئێستا لەبارەی ئەم بابەتەیشەوە بارودۆخ گۆڕاوە.

بەو شێوەی کە حەسەن دەڵێت: لەسەرەتادا خەڵکی سوریا و عێراق نەیاندەزانی داعش واتای چی، بەڵام ئێستا تێگەیشتوون، چیتر بەو شێوەیە نادوێن کە بەر لە ساڵی 2014 قسەیان دەکرد.

دەوڵەتە بەناو ئیسلامییەکەی داعش ئێستا پێگەیەکی ڕوو لە پاشەکشە و لاوازتری هەیە، لە بڵاوکراوە عەرەبی زمانەکەی (دابق) داعش، بەڕوونی پاشەکشەی پێوە دیارە. بە گوتەی حسن: داعش خەریکە چەکدارەکانی بە پاشەکشەکردن بۆ بیابانەکان ئامادە دەکات، تەنانەت وێنەی شەڕکردنی چەکدارەکانیشیان لە بیابانەکان دەگرن بۆ بڵاوکردنەوە لە ڕاگەیاندنەکانیان.

بابەتێکی دیکە ئەوەیە، کە داعش بە لەدەستدانی ئەو ژمارە زۆرە چەکدار و توانا دارایی و خاکەی ژێر دەستی، چەندە توانای هێرشبردنی هەیە؟

ست جونز، بەڕێوەبەری بنکەی سیاسەتی ئاسایش و بەرگریی نێودەوڵەتی لە دەزگای ڕاند، دوای بەدەستهێنانی بەڵگە لەسەر داعش لە سوریا و عێراق، پێی وایە کە دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش لە ڕێکخراوێکی خاوەن قەڵەمڕەویی فراوان بووەتە گرووپێکی تیرۆریستی، کە هێرشی دیاریکراو ئەنجام دەدات.

بەمشێوەیەی جۆنر دەڵێت: لە ساڵی 2014، داعش لە هەر مانگێکدا 150 تاوەکوو 200 هێرشی ئەنجام دەدا، تەنانەت لە هەندێک مانگدا ژمارەی هێرشەکانی داعش دەگەیشتە 400 هێرش.

بە تێڕوانینی ئەو داعش کۆشش دەکات ئومێد بداتەوە بەر ئەندام و هاوبیرەکانی، کە درێژە بە شەڕکردن بدەن، دەیانەوێت ئەوە نیشان بدەن تاوەکوو ئێستا بوونیان هەیە و هێشتا شەڕی (کافران) دەکەن.

لەلایەکی دیکەیشەوە جۆنز دەڵێت: بەڵگەکانی داعش وەها نیشان دەدەن ئەو گرووپە هێرشی تیرۆریستی دژی ئەو وڵاتانە ئەنجام بدات کە لەژی داعش چالاکی ئەنجام دەدەن. نموونەی وڵاتەکانی (ئەمەریکا، بەریتانیا و ئوستوڕالیا)، بەڵام بەهۆی بوونی کێشەی دارایی، کارە تیرۆریستییەکانی داعش دژوارتر بوونە.

داعش تاکەی دەتوانێت ڕەواج بە بیروباوەڕەکەی بدات و وا لە کەسانی دیکە بکات کە لەژێرناوی داعش کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن؟ ئایا دەکرێ بەپێی تێپەڕبوونی کات بەڕەکە لەژێر پێیان بهێندرێتە دەرەوە؟

لەمبارەیەوە جۆنز دەڵێت: بەڵێ لەوانەیە لەگەڵ لەدەستدانی توانا دارایی و مرۆییەکانی، هێرشەکانی کۆتایی پێ بێت، نازانرێت کەی ئەمە ڕوودەدات و پێشم وانیە ئێستا داعش بەم خاڵە گەیشتبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە لەماوەیەکی کوردتدا لەوانەیە ئەمە ڕووبدات.

بەشێکی زۆر لە چاودێران لەو باوەڕەدان کە دەوڵەتە بەناو ئیسلامیەکەی داعش درەنگ یان زوو دوو پێگەی گرنگ واتە موسڵ لە عێراق و ڕەقە لە سوریا لە دەست دەدات، بەڵام کەی؟

فەواز جەرجیس، مامۆستای ئابووری لە لەندن و نووسەری کتێبی (مێژووی داعش) دەڵێت:هەتا ئەگەر قەڵەمڕەوی و دەسەڵاتی داعش لە عێراق و سوریا لەبەریەک هەڵبوەشێتەوە و کۆتایی پێ بێت، نابێت بڵێین ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە کۆتایی هاتووە.

داعش لە ڕووی ئایدۆلۆژیکەوە هاوشێوەی گرووپە توندڕەوەکانی دیکەی وەک ڕێکخراوی قاعیدەیە، بەڵام جیاوازییەکی بنچینەیی لەگەڵ تەواوی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە هەیە کە ئەویش ئەوەیە؛ داعش تەنیا بە قسە باسی (خەلافەتی نەکرد)، بەڵکوو لە کرداردا شارەکانی داگیرکرد و سنورەکانی گرتە دەست و شێوە خەلافەتێکی بۆخۆی دروست کرد.

لە کۆتاییدا ئەو دەوڵەتە بەناو ئیسلامییە چی لێ دێت؟
لەڕاستیدا ساڵێک بەر لە ئێستا هیچ کەس بیری لەوە نەدەکردەوە کە داعش بەو خێراییە ئەو شتانەی بەدەستیان هێنابوو لە دەستی بدەن. دوور نییە لە مانگەکانی داهاتوودا جارێکی دیکە دەسەڵات و فەرمانڕەواییکردنی بەسەر خەڵکیدا لەدەست بدات، خۆ ئەگەر جێگەیەک بۆ حوکمکردنی نەمێنێت، دەوڵەت بێ مانایە.

بەم پێیە ئایا دەکرێ بڵێین داعش ئاخریانە؟ بەڵێ. لەناوچوونی بەناو خەلافەتەکەی بە تەواوەتی یەکلایی بووەتەوە، بەڵام خراپەکاری و چەکداری تازە دەست پێدەکات.
Hawler-
Top