مەلا نادر كانی كوردەیی لە گوتارخوێندن دوورخرایەوە

 مەلا نادر كانی كوردەیی لە گوتارخوێندن دوورخرایەوە
لە سەر "بەکافرکردنی" عەبدولڕەحمان سدیق، لەلایەن مەلا نادر كانی كوردەیی، وەزارەتی ئەوقاف بڕیاری دوورخستنەوەی لە گوتاری هەینی دەرکرد.

مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" دوای ئەوەی مامۆستا نادر كانی كوردەیی، گوتارخوێنی مزگەوتی قادر خۆشناو لە گوتاری نوێژی هەینی جگە لە تەكفیر، تەشهیری بە مامۆستا عەبدولڕەحمان سدیق رووناكبیری ناسراو كردبوو، وەزارەتی ئەوقاف بڕیاری دوورخستنەوەی مامۆستا نادری دەركرد".

مەریوان نەقشبەندی گوتی:" لیژنەیەكی تایبەت هەیە لە وەزارەتی ئەوقاف، چاودێری نێوەڕۆكی گوتاری مامۆستایانی ئایینی لە مینبەری مزگەوتەكانەوە دەكات، دەركەوت مامۆستا نادر لە گوتاری هەینی لە سەر بیروڕای جیاواز و بابەتی شەرعی ناوی مامۆستا عەبدولڕەحمان سدیقی زڕاندووە و تەكفیری كردووە، بۆیە بڕیاری دوورخستنەوەی دەرچوو".

بە پێی قسەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئەوقاف، دوورخستنەوەی مەلا نادر كانی كوردەیی تەنیا لە گوتاری هەینییە و مووچە و مافەكانی دیكەی لە وەزارەت دەمێنێت.

بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت‌:" لە ماوەی رابردوو ژمارەیەك مامۆستایی ئایینی لە مینبەری مزگەوتەكانەوە تەشهیریان بە شاجوان و زۆر كەسی دیكە كردووە، بۆیە لیژنەكەی وەزارەتی ئەوقاف لەو بابەتانە دەكۆڵیتەوە و بڕیاری خۆی دەدات".

عەبدولڕحمان سدیق ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی و یەكەمین وەزیری ژینگەی عێراق بوو لە دوای نەمانی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی 2003 لە ماوەی رابردوو لە سەر بابەتی بوونی حۆری لە بەهەشت و قوربانی چەند بۆچوونێكی تایبەتی خۆی خستەڕوو ، ئەمەش كاردانەوەی تووندی لەلایەن هەندێك مەلای ئایینی لێكەوتەوە كە بە لادەرو گومڕا وەسفكرا.
Rudaw-
Top