ئەدهەم بارزانی: دەبێ یاسا بەرانبەر بە تاوانباران رێكارەكانی خۆی بگرێتە بەر
(ئەدهەم بارزانی) سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، ڕایگەیاند: "پارساڵ و لە ساڵانی 2011 و لە 17ـی شوباتدا، چەندین جار هێرشی ناڕەوا كراوەتە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان گوایە ئەمە ناڕەزایی خەڵك بووە، بەڵام هەندێك لایەنی سیاسی سواری فریكوێنسەكانی خەڵك دەبوون بۆ ئەوەی سوود لە ناڕەزایەتییەكان وەربگرن بۆ بەرژەوەندی و مەرامی خۆیان و خۆپێشاندانەكان بەرەو ئاقارێك ببەن زۆر كێشە و گرفتی لێ بكەوێتەوە و هێزەكانی سەر بە لایەنێكی ئەم سنوورە ناچار بە تەقەكردن بكەن و خوێن بڕژێت. ئەوان بە تێكدانی رەوش و ژیانی خەڵك لە سنوورەكە چەندین ئیمتیازی سیاسییان بۆ خۆیان قۆرخ كردووە، كە بە مەرامیش گەییشتن، داوایەكانی خەڵكیان واز لێ هێنا و لەبیریان كرد و خۆیان لە خەڵك دوور خستەوە. ئەسڵەن خۆیان نەكردە خاوەنی ئەو خوێنەی لە خەڵك ڕژابوو".
سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، پێوەست بە سزادانی تاوانبارانی گرژییەكانی ساڵانی رابردوو، ڕوونی كردەوە: "تا یاسا رێكارەكانی خۆی نەگرێتە بەر، لەوانەیە نەتوانین ئارامی و ئاساییشێكی تەواو لە هەموو كوردستان بێنینە دی، هیچ چارەیەك نییە دەبێ یاسا بەرانبەر بە تاوانباران رێكارەكانی خۆی بگرێتە بەر، چونكە لەم ناوچەیە غەدرێكی زۆر گەورە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و خۆپێشاندەران كراوە".
(ئەدهەم بارزانی) ئاماژەیشی دا: "لە 29ـی مانگی رابردوودا لە شاری سلێمانی و چەندین ناوچەی تر خۆپێشاندان كرا، خۆپێشاندەران تا ئاستێكی زۆر بەرز لە مەرام و سیاسەتی ئەم حزب و لایەنانە تێگەییشتبوون كە دەیانەویست بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیان بەكاریان بێنن و بە تاقیكردنەوەكانی پێشوو بۆیان دەركەوت كە ئەم لایەنانە ناتوانن ببنە خاوەنی ناڕەزایەتیی خەڵك، بۆیە ئەمجارە ئاستی تێگەییشتن و هۆشیاریی خۆپێشاندەران زۆر بەرز بوو. ئەوەتا بینیمان خۆپێشاندانەكان لە چوارچێوەیەكی ئارامدا بەڕێوە چوون. ئەو حزبانەیشی پێشووتر دەستیان دەخستە ناو خۆپێشاندانەكان، ئەمجارە نەیانتوانی شەقام و ناڕەزایەتیی خەڵك بە ئاڕاستەیەكی ناتەندروستدا بجوڵێنن".
دەشڵێ: "تا ئێستا چەند لایەنێك باسیان لەوە دەكرد كە پارتی دیموكراتی كوردستان زوڵمی لە خەڵك كردووە و هیچ بۆ سنوورەكەی ئەوان نەكراوە، بەڵام ئێستا لیژنە دروست كراوە بۆ ئەوەی روون بێـتەوە كە داهاتی ئەم سنوورە بۆ كوێ چووە و چی بەسەر هاتووە و كێ خەرجی كردووە. بە دڵنیاییشەوە هەر دەبێ ئەم راستیانە بۆ جەماوەری كوردستان بە گشتی و ئەم دەڤەرە بە تایبەتی ئاشكرا بكرێن".
KDP
