باڵی دەستڕۆیشتوو دەیەوێت زیاتر لە نیوەی ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕازی بکات

 باڵی دەستڕۆیشتوو دەیەوێت زیاتر لە نیوەی ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕازی بکات
ناوەندی بڕیار و باڵی دەست ڕۆیشتووی یەكێتی، ململانێ لەسەر كۆبوونەوەی داهاتووی سەركردایەتیی حزبەکەیان دەكەن و هەریەكیان دەیانەوێت شەرعیەت بۆ خۆی بێت.





ڕۆژی 3 ئەم مانگە، باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بە ناوی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، کۆبووەوە و تێیدا بڕیار درا، ڕۆژی 15/10/2016، كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی ئەنجامبدرێت، ئەوەش بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی ناوخۆی حزبەکە.





بەپێی زانیارییەكان، باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی، لە هەوڵی ڕازیكردنی چەند سەركردەیەكی ناوەندی بڕیاردان، بۆ ئەوەی بەشداری لە كۆبوونەوەكە بكەن و شەرعیەت بۆ ئەوان بگەڕێتەوە.





لەمبارەیەوە فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، ڕایگەیاند: "ئێمە ئاگاداری هەموو سەركردایەتیی یەكێتیمان كردووەتەوە كە ئەو ڕۆژە كۆبوونەوە دەكرێت، پێمان خۆشە ناوەندی بڕیاریش بەشداریی ئەو كۆبوونەوەیە بكەن، بەڵام ئەگەر بەشداری نەكەن، ئەوە یاسایەك هەیە، ئەویش ئەگەر لە كۆبوونەوەكە ڕێژەی سەدا 50 زیاتر، واتە (50+1) لە سەدا بەشدار بوو، ئەوە كۆبوونەوەكە شەرعی دەبێت و بەناوی یەكێتییەوە دەبێت". دانیشی بەوەدا نا کە ئەگەر ناوەندی بڕیار توانی ئەو ڕێژەیە بەدەست بهێنێت، ئەوا “دەبێتە لایەنی شەرعیی نێو یەکێتی”.





لەلایەن خۆیەوە، شاڵاوی عەلی عەسكەری، گوتەبێژی ناوەندی بڕیاری یەکێتی، ڕایگەیاند: "هەر كۆبوونەوەیەك بەبێ بەشداریی ناوەندی بڕیار بكرێت، شەرعیەتی یەكێتی نییە". جەختیشی لەوە کردەوە: “بەشداریی هیچ كۆبوونەوەیەك ناكەین، ئەگەر شەرعیەتی نەبێت".





























باسنیوز
Top