”بەهۆی گۆڕان و یەکێتییەوە لێژنەی ئاشکراکردنی داهاتی سلێمانی ئاستەنگی بۆ دروست بووە“
زیاد کاکە ڕەزا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕایگەیاند: “سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆبوونەوە، بڕیار درا لێژنەیەک دروست بکرێت بۆ دیاریکردن و ئاشکراکردنی داهاتی سلێمانی، بەڵام ئێمە پێمان ڕاگەیاندن کە ئەگەر لێژنەکە فراوان بێت، کارەکانی تێک دەچێت”.
ئەوەشی ڕەت کردەوە کە داوا لە پارتی کرابێت، بچێتە نێو لێژنەکەوە و گوتی: “کەس بە ئێمەی نەگوتووە بەشداریی کۆبوونەوەکە ببین تا ئێمە بڵێین نەخێر”. ئاشکراشی کرد: “لێژنەکە ئاستەنگی لەبەردەم دروست بووە کە پەیوەندی بە گۆڕان و یەکێتییەوە هەیە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو گۆڕنکاری تێدا بکرێت".
ئەمە لە کاتێک دایە کە لە زاری ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە ئەوە بڵاو کراوەتەوە کە لێژنەی ئاشکراکردنی داهاتی سلێمانی بەهۆی پارتییەوە کارەکانی هەڵواسیوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، داهاتی گومرگەکان و فەرمانگەکانی سلێمانی لای خۆی گلدەداتەوە و بۆ خەزێنەی گشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ناگەڕێنێتەوە. دواتریش سەرۆکی لقی سلێمانیی بانکی هەرێم لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ میدیاکانی یەکێتی ئەوەی درکاند کە داهاتی سلێمانی بۆ هەولێر نانێردێتەوە و هەر لەو شارەدا خەرج دەکرێت، بەڵام چاودێران و بەرپرسانی جگە لە یەکێتی، باس لەوە دەکەن کە نازاندرێت داهاتی سلێمانی چۆن و بۆ بەرژەوەندیی کێ بەکار دەهێندرێت.
باسنیوز
