سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: ساڵێک لەمەوبەر شکستمان بە پیلانێکی مەترسیدار هێنا
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ئاماژە بە هۆکاری ناردنەوەی یوسف محەمەد بۆ سلێمانی دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەو کارە پەشیمان نین.
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویەتی: “ئهمڕۆ 12\10\2016، ساڵێک بەسەر ئهو ڕۆژەدا تێدەپەڕێت که له بازگهی شێراوە ڕێگه نەدرا دکتۆر یوسف محمەد بێتهوه ههولێری پایتهخت، ئهو ڕووداوە کارێک یان کردارێکی عەفەوی نەبوو، بەڵکو بەرەنجامی پەرچە کرداری چهند کارێک و ڕێگری لە پلان و پیلانی گۆڕان بوو کە پێشتر و بە چهند قۆناغێک هەنگاویان بۆی داڕشتبوو”.
ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە قۆناغی یەکەم، لەباربردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و تێکدانی تەوافوقی لایەنەکان بووە. قۆناغی دووەمیش “دروستکردنی فەوزا” لەنێو دامەزراوە شەرعییەکانی کوردستان بووە. بەڵام قۆناغی سێیەم، “دروستکردنی بەرەیەکی دیکەی شەڕە لە پشت سەنگەرەکانی پێشمەرگە”، قۆناغی چوارەمیش بەکارهێنانی جەماوەر و هەڵکوتانە سەر بارەگاکانی پارتی و “سوتاندنی بارەگاکان و شەهیدکردنی کادیرانی پارتییە لە دەڤەرێک کە پارتی تێیدا بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکیشی بەدەستەوە نییە”.
ئومێد خۆشناو نووسیویەتی: “ئایا گۆڕان لەو کارەدا بە تەنیا بوو؟ نەخێر، پلانداڕێران و بەشێک لە سەرانی دەستڕۆیشتووی شەڕانگێزی گۆڕان، لەم کارەدا بە پشتیوانیی پاشماوەکانی ئەنساڕولئیسلام و گرووپێکی یەکێتی بە سەرپەرشتیی کچەکانی ئیبراهیم ئەحمەد و هاوکاریی ئەملا و ئەولا، ئەم کارەیان کردووە”.
لە کۆتاییشدا دان بەوەدا دەنێت کە پارتی لە ناچاریدا پەنای بۆ ئەو کارە بردووە، دەشڵێت: “نەک لێی پەشیمان نین، بەڵکو زۆریش ئاسوودەین و ڕۆژان و ساڵانی لە پێشمانن، ڕاستییەکان باشتر دەردەخەن”.
باسنيوز
