له پیرانشار ئیتلاعات هاووڵاتیەکی کوردی دەستگیر کرد
بەپێی هەواڵی سەرچاوەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار هاووڵاتییەکی کوردیان بەناوی جەلال خزری، تەمەن 42 ساڵ و خەڵکی گوندی "زێوە"ی سەر بە بەخشی "لاجان"ی پیرانشار دەستبەسەر کرد.
تا کاتی گەیشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە چارەنووس و هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە.
سەبارەت بە دەستبەسەکرانی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، ئاژانسی کوردپا بڵاوی کردووەتەوە "لە زۆربەی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و لە زۆر حاڵەتدا بە هەڵسوکەوتی توند هاووڵاتیانی کورد دەستبەسەر و لە دانی هەر چەشنە زانیارییەک بە بنەماڵەی ئەو گیراوانە خۆ دەبوێرێت."
لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 70 هاووڵاتیی کورد لە شارە جیاجیاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون کە زۆربەیان گەنج بوون.
باسنیوز
