نێوان گۆڕان و باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی تێک دەچێت
بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەناو بزووتنەوەی گۆڕانەوە، عومەری سەید عەلی و شاندێکی یاوەری، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا، لەسەر داوای نەوشیروان مستەفای رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکەیان، بە ھێرۆ ئیبراھیمیان ڕاگەیاندووە کە ئەوان وەک بزووتنەوەی گۆڕان، ئامادە نابن ببنە قوربانیی ململانێ ناوخۆییەکانی یەکێتی، یان وەکو لایەنگری باڵی دەستڕۆیشتوو بەکار بھێنرێن.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، بزووتنەوەی گۆڕان فشارێکی زۆری لەسەرە، بەھۆی ئەوەی کە ئێستا لەلایەن باڵی ناوەندی بڕیار و زۆربەی لایەنگرانییەوە ، تۆمەتبار دەکرێن بەوەی کە نەوشیروان مستەفا و سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە پشتیوانیی ھیرۆ ئیبراھیم ئەحمەد و شاناز ئیبراھیمی خوشکی دەکەن.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، کە باڵی ناوەندی بڕیار زۆر تووڕە و نیگەرانە لەوە، نەخاسمە کە لە مەسەلەی دانانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا، ئەوە بەئاشکرا بە گۆڕانەوە دەرکەوت.
ھەر بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ھەفتەیەک بەر لە سەردانەکەی ئەم دواییەی نەوشیروان مستەفا بۆ دەرەوەی وڵات، جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و فەرماندەی پێشمەرگەی ئەو حزبە لە ناوەندی بڕیار، سەردانی نەوشیروان مستەفای کردووە و ئاگاداری کردوونەتەوە لەو لایەنگرییەی کە بۆ باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی دەیکات.
لەلایەکی دیکەشەوە، باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی نیگەرانە لەو ھێرش و پەلامارانەی کە کەسانی نزیک لە نەوشیروان مستەفا و ھەڵسووڕاوانی گۆڕان دەیکەنە سەریان، ھەر بۆیەش زانیارییەکانی ئەم دواییەی عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لەبارەی دیارنەبوونی داھاتی سلێمانییەوە ھێندەی دیکە ئەو باڵەی یەکێتیی لە گۆڕان تووڕە و نیگەران کردووە.
لەم بارەیەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرای کرد، لە چەند رۆژی رابردوودا کەسێک بە ناوی بنار نەوزاد نووری بەگ، کە کەسێکی نزیک نەوشیروان مستەفایە، بەھۆی ئەوەی لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا، بابەتی توندی لەسەر باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی نووسیوە، لەلایەن بەرپرسێکی ئەمنیی سەر بە باڵی دەستڕۆیشتوو، تەلەفۆنی بۆ کراوە و بەتوندی قسەیان لەگەڵدا کردووە، بەڵام لە تەلەفۆنەکەدا بنار نەوزاد وەڵامی داوەتەوە و بووەتە دەمەقاڵەیان، دواتریش مەفرەزەیەک چووەتە سەر ناوبراو و دەستگیریان کردووە، دوای دوو رۆژ مانەوەی، بە ھەوڵی زۆری قادری حاجی عەلی ئازاد کراوە.
بە گوتەی سەرچاوەکە، دۆسیەی ئەو کەسە تەنیا نەبووە و ماوەیەکە لە سلێمانی ھەڕەشە لەو کەسانە دەکرێت کە ڕەخنە لە باڵی دەستڕۆیشتوو و ھێرۆ ئیبراھیم دەگرن، ئەو ھەڕەشانەش کەسانی ناوەندی بڕیار و گۆڕانی تێدایە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەو سکاڵایەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەسەر عەلی حەمەساڵحی پەرلەمانتاری گۆڕان، ھەر پەیوەندیی بەو توندکردنەی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی بووە لەو کەسانەی کە قسە لەسەر خەرجییەکانی یەکێتی و سلێمانی دەکەن، ھەربۆیەش مەکتەبی سیاسیی یەکێتی سکاڵای لەسەر عەلی حەمەساڵح تۆمار کردووە، کاتێک ئەوەی بڵاو کردووەتەوە کە ٥٠ بۆ ٦٠ ملیار دیناری داھاتی سلێمانی دیار نییە، چونکە باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی بەرپرسیارە لە داھاتی سلێمانی.
لای خۆشیانەوە، فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی نەزاھەی پەرلەمانی کوردستان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە داھاتی سلێمانی رادەست بە ھەولێر نەکراوە، گوتی: «داھاتی سنووری پاریزگای سلێمانی نایەتەوە مەرکەز و دەچێتەوە بانکەکانی سلێمانی و خۆیان بەکاری دێننەوە، تەنیا ئەوە نەبێت داھاتەکە بە ژمارە دێننە وەزارەتی دارایی، نەک بە پارەی نەختی».
ھەروەھا ناوبراو جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، لەو وادەیەوە خەرجیی ھەموو وەزارەت و دامودەزگاکان، بە داھاتی ھەولێر و دھۆک بەڕێوە دەبرێت.
بەڵام فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رای گەیاند: «سەرکردەکانی گۆڕان ئەو سکاڵایەیان پێ ناخۆشە، بۆیە دەبوو لەگەڵ گۆڕان قسە بکرێت و گۆڕان قسەی لەگەڵ نوێنەرەکەی خۆی لە پەرلەمان بکردایە، تا بابەتەکە نەگات بەوەی ئێستا، لەگەڵ ئەوەشدا پێم وانییە ئەو بابەتە کاریگەریی گەورە لەسەر پەیوەندییەکانمان لەگەڵ گۆڕان بەجێ بھێڵێت، بەڵام باش نییە ئەوە رووی داوە».
لای خۆشیانەوە بەھار مەحموود، پەرلەمانتاری گۆڕان لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان رای گەیاند: «تۆمارکردنی سکاڵا مافی ھەموو کەسێکە و ئەو سکاڵایەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر رێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی نابێت، لە رێککەوتنەکەشدا ئەوە نەھاتووە کە ئەو دوو ھێزە ناتوانن سکاڵا لەسەر کەسەکانی یەکتری تۆمار بکەن».
باسنيوز
