چاودێرانی سیاسی: پەكەكە مافی ئەوەی نییە دژی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بوەستێتەوە

 چاودێرانی سیاسی: پەكەكە مافی ئەوەی نییە دژی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بوەستێتەوە
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی دەنێت، كەچی پەكەكە لە باكووری كوردستان شەڕێكی دروست كردووە و پرۆسەی ئاشتیی تێك داوە و دەیەوێت كێشە بۆ هەرێمی كوردستان و بەشەكانی دیكە دروست بكات، هەروەها هەندێك شت هێڵی سوورن و، نابێت لایەنە سیاسییەكان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەستی بۆ ببەن، بەڵام بەداخەوە پەكەكە جگە لە نەیارانی كورد، گوێ بۆ هیچ كەس و لایەنێك ناگرێت.



(شەمسەدین محەمەد) چاودێری سیاسی، گوتی: "ئەو شەڕەی پەكەكە دەیكات، جێگەی گومانە، چونكە باكووری كوردستانی خاپوور كردووە، زۆر شوێن هەن كە دانیشتووانی هەموو كوردن، ئەو ناوچانە خراپتر بوونە و خەڵكی ئەو ناوچانە شوێنەكانی خۆیان بەجێ هێشتووە، كە لەو ماوەیەدا بە دەیان گەنجی كورد كوژراون و لێرەدا زەرەرمەندی یەكەم گەلی كوردە لەو بەشەی كوردستان، چونكە لەو شەڕەدا جگە لە زیانگەیاندن بە ماڵ و حاڵی گەلی كورد هیچی دیكە نامێنێتەوە، ئەگەر پەكەكە بیەوێت بە شەڕ توركیا لاواز بکات، توركیا لاواز نابێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە كورد لەو ناوچانە كە هەموو ناوچەی كوردنشینن و ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە و ڕوویان لە ناوچەكانی دیكە كردووە، كورد لاواز بووە، ئەوەیش لە بەرژەوەندیی وڵاتی توركیادایە."



(محەمەد) گوتیشی: "ئەو سەركردایەتییەی ئێستا پەكەكە بەڕێوە دەبات، جێگەی گومانە، ئەوان (ئۆجەلان)ـیان خستە زیندانەوە، ئیدی زۆر زەحمەتە جارێكی دیكە باكووری كوردستان وەك خۆی لێ بێتەوە و ئارام بێت، هەروەها لە باشووری كوردستان، كە هەموو تاكێكی كورد چاوی لەسەر ئەو بەشەیە و گەلی كورد دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو بەشەیەوە بە هیوا و ئاواتەكانی خۆی بگات، بەڵام پەكەكە دەیەوێت دەست بخاتە ناو ئەو بەشە و ڕێگە لە سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان بگرێت، نایانەوێت هێزەكانی خۆیان لە شنگال و كەركووك ببەنە دەرەوە، ئەمەیش بۆ ئەوەیە كە كێشە و ئاڵۆزی دروست بكەن و ئەو ناوچانە بكەنە كانتۆن، بۆیە من لەو باوەڕەدام ئەگەر ئەو هێزانە لە ماوەیەكی نزیكدا لەو ناوچانە وەدەر نەنرێن، كێشە و ئاڵۆزیی زۆر زیاتر دروست دەكەن."



(د. سوبحان عەلی) مامۆستای زانكۆ، دەڵێ: "پێویستە گەلی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان هۆشیار ببنەوە، ڕێگە نەدەن پەكەكە چی دیكە زیان بە ناووبانگی گەلی كورد بگەیێنن، پێویستە گەلی كورد چی دیكە خۆ بێدەنگ نەكات، لایەنە سیاسییەكان خۆیان بكەنە یەك و ڕێگە نەدەن سەركردایەتیی پەكەكە بۆ مەرامی خۆی و وڵاتانی ناوچەكە، كوردستان تێك بدەن، (سەرۆك بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەردەوام كار بۆ ئەوە دەكات كە جارێكی دیكە شەڕی ناوخۆ دەست پێ نەكاتەوە و پرۆسەی ئاشتی سەر بگرێت، بەڵام پەكەكە جگە لە نەیارانی كورد، گوێ بە هیچ كەس و لایەنێك نادات، هەروەها پێویستە گەلی كورد لە باكووری كوردستان دژی سیاسەتە چەوتەكانی پەكەكە بوەستێت و ڕێگە نەدەن بۆ مەرامی خۆیان باكووری كوردستان تێك بدەن."



ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئەوەیشی گوت: "ئێمە چاوەڕێی ئەوەمان نەدەكرد پەكەكە ئەوەندە كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكات، چونكە ئێمە هەموومان یەك نەتەوەین، ڕاستە ئەوان كێشەیان لەگەڵ حكوومەتی توركیا هەیە و پێویستە خەباتی خۆیان لەو بەشەی كوردستان بكەن، بەڵام بە مەرجێك لە بەرژەوەندیی ئەوان و گەلی كورددا بێت، وەلێ نابێت ئەوان كارێك بكەن كە كاریگەریی خراپی هەبێت لەسەر گەلی كورد و هەرێمی كوردستان، هەندێك شت لە هەرێمی كوردستان هێڵی سوورن و نابێت لایەنە سیاسییەكان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەستی بۆ ببەن، بەڵكو دەبێت لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان ئەوەیان لە بەرچاو بێت كە سوود لە هەرێمی كوردستان و ئەزموونەكەی وەردەگرن و هەرێمی كوردستان بەردەوام پشتگیری لە خەبات و تێكۆشانی ئەوان دەكات، بۆیە دەبێت لایەنە سیاسییەكانی پارچەكانی دیكەیش ئەوەیان لەبەر چاو بێت، هەروەها ئۆمێدەوارین گەلی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕزگار بێت و بە ئاواتەكانی خۆی بگات، ئەگەر ئەوان لەسەر ڕێچكەی ڕاست بڕۆن هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك پشتگیرییان دەكات، كە وەك چۆن لە ڕابردوودا پشتگیریی كردوون، باشترین نموونەیش هەناردنی هێزی پێشمەرگە بوو بۆ كۆبانی و ڕزگاركردنی ئەو شارە بوو لە دەستی تیرۆریستان."



(مەهناز سەلیم) چالاكوانی بواری سیاسی، ڕایگەیاند: "پێویستە پەكەكە خۆی هۆشیار بكاتەوە و نەبێتە كارتێكی سیاسی لە دەستی هەندێك وڵاتی ناوچەكە بۆ ئەوەی دژی هەرێمی كوردستان و گەلی كورد لە پارچەكانی دیكە بوەستێتەوە، چونكە وەك دەزانین پەكەكە زۆر جار باسی لەوە كردووە كە ئەوان دژی ئەوەن كورد لە هەرێمی كوردستان سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت و ببێتە دەوڵەت، یان باسیان لەوە كردووە دژی ئەوەن گازی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا بچێت، بۆیە پێویستە بەرژەوەندیی گەلی كورد لە بەرچاو بگرن، چونكە هەرێمی كوردستان بووەتە بنكەیەك بۆ بەرگریكردن لە گەلی كورد لە پارچەكانی دیكەی كوردستان، بۆیە پەكەكە مافی ئەوەی نییە دژی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بوەستێتەوە."









KDP
Top