دیندار زێباری: حکومەتی هەرێم کۆمەڵێک رێکاری یاسایی بۆ رێگریکردن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە گرتووەتە بەر

دیندار زێباری: حکومەتی هەرێم کۆمەڵێک رێکاری یاسایی بۆ رێگریکردن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە گرتووەتە بەر
دوای ئەوەی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەری سوری روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، بەشێک لە رێکخراوە ناوخۆیی و بیانییەکان باس لە بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە دەکەن بەشێوازی جیاجیا و هەندێک لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم بەوە تۆمەتبار دەکەن کە دەستیان لەمدا هەیە و داوای نەهێشتنی ئەم جۆرە پێشێلکارییانە دەکەن. لەم بارەیەوە د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: حکومەتی هەرێم کۆمەڵێک رێکاری یاسایی بۆ رێگریکردن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە گرتووەتە بەر و چەندین رێنمایی تایبەتی بڵاوکردووەتەوە هەروەها بەردەوام هەوڵیداوە ژیانی تاکەکانی بەرەو باشتربوون ببات و زەمینەیەکی پێکەوە ژیانی بۆ رەخساندوون بۆ ئەوەی خەڵک بە ئاشتیانە و پێکەوە لە هەرێمی کوردستان بژین بە پەنابەر و ئاوارەکانیشەوە، بەڵام بەهۆی ئەو رەوشە ئابووری و ئەمنییەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان رووبەرووی بووەوەتەوە ئاستەنگ لەبەردەم بەرێوەچوونی ئەرکەکانی حکومەت لە رووبەروو بوونەوەی ئەم بابەتە دروست بووە.

زێباری زیاتر سەبارەت بەم بابەتە وەتی: بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (8322) لە ١٦ی ئایاری 2016 لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان پێکهێنرا لە نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کە ئەرکیان بە دواداچوون بوو بۆ ئەو کەیسانەیە کە لە هەندێک راپۆرتی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بازرگانی کردن بە مرۆڤ ئاماژەی پێکرابوو، هەروەها بۆ زیاتر بەدواداچوونی ئەم کەیسە چەند لیژنەیەکی دیکە پێکهێنران لەوانە بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ ژمارە (9386) لە ٣١ی ئایاری ٢٠١٦ چەند لیژنەیەکی لاوەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە پارێزگاکانی هەرێم بە بەشداری ئەندامانی ئاسایش و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان پێکهێنران. لەلایەکی دیکەوە بە فەرمانی جەنابی وەزیری ناوخۆ ژمارە (573) لە ١٩ی تەمووزی ٢٠١٦ لیژنەیەکی لاوەکی دیکە بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەنجامدانی دەستدرێژی بۆسەر ژنانی پەنابەری رۆژئاوا بەتایبەت لە کەمپی دۆمیز لە دهۆک پێکهێنرا.

سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان زیاتر وتی: دوای ئەوەی لیژنەکان دەست بەکار بوون کۆمەڵێک رێنمایی لە دەرەنجامی کارەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ پەسەندکراوە و بە گوێرەی ئەم رێنماییانە ژمارەیەک کۆمپانیای تایبەت کە بەرپرسیارن لە پێدانی مۆڵەتی مانەوە بۆ کرێکارانی بیانی، دەبێت کارئاسانییان بۆ بکرێت، هەروەها ئەو کۆمپانیایانەی کرێکاری بیانی دەهێننە هەرێم بەرپرسیارن لە گێرانەوەی کرێکارانی بیانی بۆ وڵاتی خۆیان پێش تەواو بوونی ڤیزایان و ئەگەر هاتوو نەنێردرانەوە ئەوە بە بڕی ٥ ملیۆن دۆلار سزا دەدرێن و رووبەرووی سزادانی یاسایی دەبنەوە.

سەبارەت بە کاری لیژنە لاوەکییەکان بەتایبەتی ئەوەی لە لە پارێزگای دهۆک پێکهاتووە زێباری وتی: دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد لیژنەکە گەیشتۆتە چەند راستییەک دەربارەی ئەو کەیسانەی باس کراون لەوانە ژمارەیەک لەو کەسانەی لە خوار تەمەنی یاساییەوە بەشودراون بە نهێنی بووە و بەشێوەیەکی نایاسایایی و بەبێ رەزامەندی دادوەر یاخود دادگا ئەم کارە ئەنجامدراوە، هەر کەسێک لە بەشوادنی منداڵان دەستی هەبووبێت ئەوە دەستگیر دەکرێت و لە دادگا بە گوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، هەروەها سەبارەت بە هەموو ئەو کەیسانەی باس لەوە دەکەن کە دەستدرێژی کراوەتە سەر ئافرەتان لەلایەن دانیشتوانی ناو کەمپەکە پشتڕاست نەکراونەتەوە.













Top