رێڕەوی ئێران بۆ سەر دەریای ناوەڕاست بە شنگال و تەلەعفەردا تێدەپەڕێت

رێڕەوی ئێران بۆ سەر دەریای ناوەڕاست بە شنگال و تەلەعفەردا تێدەپەڕێت
لە ناوچەیەك كە هێندە لە مووسڵیش دوور نییە، هێزێكی سەربازی بە نیازی جێبەجێكردنی پلانێكن كە ماوەی 30 ساڵە ئێران خەونی پێوەدەبینێ‌. ئەمە هێزی میلیشیا شیعەكانی عێراقە كە ماوەی دوو ساڵە لە دژی داعش دەجەنگێ، بەڵام بۆ ئۆپەراسیۆنەكەی مووسڵ رۆڵێكی راستەوخۆی پێ نەدراوە.

بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی گاردیەنی بەریتانی، لە كاتێكدا سوپای عێراق كە لە باشوورەوە هێرش دەكەنە سەر مووسڵ، میلیشیا شیعەكان لە دیوی رۆژئاواوە رێگە لە چەكدارانی داعش دەگرن بۆ ئەوەی نەتوانن بەرەو رەققە رابكەن. ئەگەرچی دەگوترێ بەشدارینەكردنی میلیشیا شیعەكان بۆ دڵنیاكردنەوەی سوننەكانە لەوەی گرتنەوەی مووسڵ، مەسەلەیەكی تایفی نییە.

بەپێی راپۆرتەكە، تاران زۆر گوێی لەوە نییە حەشدی شەعبی لە گرتنەوەی مووسڵدا بەشدار دەبێ یان نا، لەبەر ئەوەی ئەم میلیشیایانە بە بەشدارینەكردنیان لەو ئۆپەراسیۆنە دەتوانن پارێزگاری لە هیلالی شیعی بكەن كە لە ئێرانەوە بە عێراق و سووریادا دەگاتە لوبنان لەسەر دەریای نێوەڕاست.

بۆ وەدیهاتنی ئەم خەونەی ئێران، ناوچەی رۆژئاوای مووسڵ رۆڵێكی جەوهەری دەگێڕێ. بەرپرسێكی ئەوروپی كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێ، بە رۆژنامەی (گاردیەن)ی راگەیاند "ئێران زۆری هەوڵداوە بەمە بگات". بەبۆچوونی ئەو بەرپرسە ئەوروپییە، دەستگرتن بەسەر رۆژئاوای مووسڵدا هەم "شانازی"یە بۆ ئێرانییەكان و هەمیش سوودی گەورەی هەیە، چونكە بە گرتنی ئەم ناوچەیە رێڕەوێك دەكەنەوە كە "دەتوانن لە نێوان تاران و دەریای نێوەڕاستدا هەركاتێك ویستیان، خەڵكی خۆیان و كەلوپەل بگوازنەوە، لە كاتێكدا رێگاكە لەلایەن خەڵكانی سەر بەخۆیان دەپارێزرێ.

ئەو رێڕەوە كە ئامانجەكەی بریتییە لە پاراستنی ئەوەی پێیدەگوترێ (هیلالی شیعی) لە ساڵی 2014ەوە دروست بووە. ئەم رێڕەوە بە بەشە عەرەبییەكەی عێراق، هەرێمی كوردستان و پاشان رۆژئاوای كوردستاندا تێدەپەڕێ و ئینجا دەگاتە حەلەب. ئەم نیازەی ئێران نیگەرانیی وڵاتانی ناوچەكەی لێكەوتووەتەوە، لەوانەش توركیا كە نیگەرانە لەوەی ئەم پلانە چ مانایەك بە پەیوەندییەكانی نێوان تاران و پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەبەخشێ.

رۆژنامە بەریتانییەكە دەڵێت پلانەكە بە هەماهەنگیی نێوان بەرپرسانی حكومی و ئەمنیی تاران، بەغدا و دیمەشق ئامادەكراوە و كۆمەڵێك گۆڕانكاری دێمۆگرافیش لەخۆدەگرێ كە بەشێكیان هەر ئێستا لە نێوەڕاستی عێراق و باكووری سووریا جێبەجێ دەكرێن.

بەپێی راپۆرتەكەی گاردیەن، كۆریدەرەكە رێك لەو خاڵە سنوورییەوە دەستپێدەكات كە ئێران ماوەی 12 ساڵە بۆ گواستنەوەی چەك و تەقەمەنی و راوێژكاری سەربازی بۆ عێراق بەمەبەستی لێدانی هێزە ئەمریكییەكان بەكاریدێنێ‌. رێگەكە بە بەعقووبە، ناوەندی پارێزگای دیالەدا تێدەپەڕێت كە چەندین سەدەیە شیعە و سوننەكانی عێراقی تێدا دەژی.

ژمارەیەكی زۆر لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە شاری شرگات جێگیركراون و ئامادەن بەرەو رۆژئاوای مووسڵ بجووڵێن، كە لە باشووری رۆژهەڵاتەوە تەنیا 50 میل لە شاری شنگال دوورە. شنگال و ناوچەكانی باشووری بەشێكی ئەم هیلالە شیعییە پێكدەهێنێ. شاری تەلەعفەریش لەم نێوەدا رۆڵێكی میحوەری دەگێڕێ.

بەرپرسێكی باڵای هەواڵگری بە رۆژنامەی گاردیەنی راگەیاندووە، ناوچەكانی نێوان تەلەعفەر و شنگال رۆڵێكی گرنگیان لە جێبەجێكردنی پلانەكەدا هەیە. شاری تەلەعفەر هەتا ئێستاش لەژێر كۆنتڕۆڵی داعشدایە، بەڵام شنگال لە تشرینی دووەمی ساڵی پارەوە ئازاد كراوە و ئێستا گۆڕەپانی ململانێیەكە لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە هەرێمی كوردستان و گەریلاكانی پەكەكە كە لە قەندیلەوە فەرمان وەردەگرن. ئەم هێزانەی سەر بە پەكەكە، هاوكات لەلایەن حكومەتی عێراقیشەوە پشتگیریی دارایی دەكرێن و بەشێكیان خراونەتە چوارچێوەی هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە.

بەرەو باكووریش سەرۆك هۆزێكی عێراقی بەناوی عەبدولڕەحیم ئەلشەممەری هەیە كە لە ناوچەی رەبیعە دەستی دەڕوات. ئەلشەممەری لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە یارمەتی دەدرێت و پەیوەندییەكی نزیكیشی لەگەڵ حكومەتی سووریا هەیە. لە دیمانەیەكی هەفتەنامەی ئۆبزەرڤەری بەریتانیدا، سەرۆك هۆزە عێراقییەكە گوتبووی "ئێران دەسەڵاتێكی ئەوتۆی لەم ناوچانەدا نییە"، سەبارەت بە پەكەكەش گوتبووی كە لەگەڵ كوردەكانی ناوچەكە یەكیگرتووە، هەر بۆیە هیچ كێشەیەكی لەگەڵیان نییە.

لە چواڕییانەكەی رەبیعەوە رێگەیەك بەرەو لای قامیشلۆ، كۆبانێ و عەفرین دەچێت، هەر سێ ناوچەكەش لەژێر كۆنترۆڵی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)دان. بەرپرسە باڵا ئەوروپییەكە لەمبارەیەوە بە گاردیەنی راگەیاندووە "یەپەگە رێك لەو شوێنەن كە ئێران دەیەوێ، بەڵام نازانم ئاخۆ ئێران هەڵسەنگاندنێكی دروستی بۆ هەڵوێستی توركیا كردووە یان نا".

لە هەموو قەیرانی نێوخۆیی سووریادا، ئێران زیاترین فۆكەس و توانای خۆی لەسەر حەلەب چڕكردووەتەوە. نزیكەی 6 هەزار میلیشیا لەم شارە كۆبوونەتەوە كە بەشێكیان شیعەی عێراقین، بۆ ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی رۆژهەڵاتی ئەم شارەدا بەشداری بكەن كە هەتا ئێستاش لە ژێر كۆنتڕۆڵی چەكدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریادایە و چاوەڕێ دەكرێت هاوكات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی مووسڵ، دەست بە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنی ئەو بەشەی حەلەبیش بكرێ.

ئەوانەی لە نزیكەوە مامەڵەیان لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێراندا كردووە، دەڵێن سولەیمانی هەموو شتێكی خستووەتە گرەوی بردنەوەی جەنگی سووریاوە، بەجۆرێك ئێران بتوانێ لەم جەنگە پڕخەرجییەدا تموحەكانی خۆی بەرەو پێش بەرێت. ساڵی 2014، فەرماندەكەی سوپای قودس، بە ئەحمەد چەلەبی گوتبوو "ئەگەر سووریا لەدەست بدەین تارانمان لەدەستداوە، بۆیە ئێمە هەموو ئەم پشێوییە دەگۆڕین بۆ دەرفەت و شانسێك، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئێران".

كەواتە كۆنتڕۆڵكردنی حەلەب بۆ دروستكردنی ئەم كۆریدۆرە زەروورە. بەرپرسانی سووری و عێراقی بۆ گاردیەنیان ئاشكرا كردووە كە رێڕەوەكە لە حەلەبەوە بەرەو حومس دەچێ، لەوێشەوە بەرەو باكووری سووریا و بە جەرگەی ناوچەی عەلەوییەكانی سووریادا دەڕوات. كۆتایی كۆریدۆر یان هیلالی شیعەی ئێران بەندەری لازقیەیە كە بە درێژایی جەنگی نێوخۆیی سووریا لە ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی سووریادا ماوەتەوە.

عەلی خزەیری كە لە نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2011 راوێژی پێشكەش بە هەموو باڵیۆزەكانی ئەمریكا لە عێراق كردووە، لە لێدوانێكدا بۆ گاردیەن هۆشداری داوە لەوەی ئەم بەستەرەی نێوان تاران و دەریای نێوەڕاست "بە مانای قایمبوونی شوێنپێی ئێرانە لە عێراق و شام، بەمەش ئێران تمووحە ناوچەییەكانی زۆرتر دەبێ". خزەیری چاوەڕێ دەكات "ئێران لە دوای سەرگرتنی ئەم پلانەی، بیر لە كردنەوەی رێڕەوێكی هاوشێوە لە وڵاتانی كەنداویش بكاتەوە".



رووداو
Top