گرژیی نێوان دوو باڵەکەی یەکێتی میدیا و دەزگا ئەمنییەکانیش دەگرێتەوە
رۆژی ٣/١٠ ئەم مانگە، بەشێک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کە بە (باڵی ھێرۆ ئیبراھیم) ناسراون، لەناو بارەگای مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیاندا لە سلێمانی کۆ بوونەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە لەلایەن (باڵی ناوەندی بڕیار)ی یەکێتییەوە بایکۆت کرا، کە تیایدا بڕیار درا رۆژی ١٥ ئەم مانگە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لەسەر کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی کۆ ببێتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی یەکێتی رای گەیاند، ئەو کۆبوونەوەیە لەنێوان ئەو دوو باڵە ئەنجام نادرێ، چونکە بارودۆخی ناوخۆی یەکێتی زیاتر ئاڵۆز بووە، بەتایبەت دوای دەرکردنی بەیاننامەی باڵی ناوەندی بڕیار، سەبارەت بە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی بەبێ ئامادەبوونی ئەوان.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ململانێی نێوان باڵی دەستڕۆیشتوو و ناوەندی بڕیار شۆڕ بووەتەوە بۆ ناو دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی و بێتەلی ئەو دەزگایانە، بە شێوەیەک جفرە و پەیامەکانیان لە لایەن نوێنەرانی ئەو دوو باڵەوە دەستکاری کراوە و تێکەڵ و پێکەڵ بووە، ھەر باڵە و جفرە و پەیامی تایبەت بۆ کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان بەکار دەھێنێت.
ھەر بەپێی ئەو سەرچاوەیە، لە لایەن باڵی دەستڕۆیشتووەوە ئێستا لیستێک ئامادە کراوە بۆ گواستنەوە و کەنارگیرکردنی ئەو ئەفسەر و کارمەندانەی دەزگا ئەمنییەکان کە سەر بە باڵی ناوەندی بڕیارن.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، ھەریەک لە کۆسرەت رەسووڵ و مەحموود سەنگاوی و شێخ جەعفەر، ھۆشدارییان داوەتە بەرپرسانی ئەو دەزگا ئەمنییانە، کە بە ھیچ شێوەیەک کێشە و لەمپەر نەخەنە بەردەم ئەو کەسانەی کە لەو دەزگایانەدا سەر بە باڵی ناوەندی بڕیارن.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، بەھۆی ئاڵۆزیی بارودۆخەکەوە، باڵی دەستڕۆیشتوو داوای پشتیوانیی لە پەکەکە کردووە و جەمیل بایکیش جگە لەو ھێزە کە لە شاخی ئاسۆس، بۆ پاراستنی باڵی دەستڕۆیشتوو جێگیری کردوون، بەنھێنی ١٥٠ چەکداری دیکەی پەکەکەی (کە ھەموویان کچن) ناردووەتە سلێمانی و بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ باڵی دەستڕۆیشتوودا لە چەند شوێنێکی دیاریکراو جێگیری کردوون.
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، باڵی دەستڕۆیشتوو بڕیارە گۆڕانکاری لە چەند پۆستێکی حزبی و ئەمنیدا بکات و لەناو ئەو پۆستانەشدا لابردنی بەڕێوبەری گشتیی کوردسات و دانانی کوڕە گەورەکەی شاناز ئیبراھیم ئەحمەدە لە شوێنیدا.
لای خۆشیەوە شاڵاو عەلی عەسکەری، وتەبێژی فەرمیی ناوەندی بڕیاری یەکێتی، لەبارەی کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی یەکێتی لە ١٥ ئەم مانگە، رای گەیاند، ئەوان بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا ناکەن کە لە کۆبوونەوەیەکی ناشەرعیی نیساب تەواونەکردودا بڕیاری لەبارەوە دراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەش کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادار دراون، ئێستا باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی لە ھەوڵی ئەوەدایە ژمارەی یاسایی سەرکردایەتیی یەکێتی (نیسابی قانوونی) بۆ کۆبوونەوەکە ئامادە بکات، بەوەش شەرعییەت بە خۆی بدات کە زۆرینەی یەکێتی لەگەڵ ئەواندایە.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکە، ھێرۆ ئیبراھیم دەیەوێ لە رێگەی ئەو سەرکردانەی حزبی ئایندە و بەشێک لە ئاراستەی زەحمەتکێشان، رێژەی یاسایی بۆ ئەو کۆبوونەوەیە تەواو بکات، ھەر بۆیەش دەیەوێ ئەو ٥ پۆستە بۆشاییەی سەرکردایەتی کە لە کۆنگرە ھێڵدراونەتەوە دابەش بکاتە سەر حزبی ئایندەی قادر عەزیز، کە رۆیشتووەتە ناو یەکێتی، لەگەڵ ئەو ئاراستەیەی زەحمەتکێشان کە پێکھاتوون لە ھەریەک لە ئاسۆس عەلی، جەمال حوسێن، کامەران حەمەئەمین و حەسەن مستەفا.
شاڵاو عەلی عەسکەری، وتەبێژی ناوەندی بڕیار ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی دیارن کە بەشداریی کۆبوونەوەکە ناکەن، بەوەش ئەو باڵەی یەکێتی ناتوانێ رێژەی یاسایی تەواو بکات.
گوتی: "ئەو باڵە لە ھەوڵدایە لەناو دۆستە دێرینەکانی خۆمان و ئەو حزبانەی کە ھاتوونەتە ناو یەکێتی وەکو ئایندە و زەحمەتکێشان، خەڵک ھەڵبگێڕنەوە و رایبکێشن بۆ ئامادەبوون لەو کۆبوونەوەیەدا".
ژمارەی کۆی ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی ٤٥ ئەندامن و پێنج پۆستیش لە کۆنگرەی یەکێتی بە بەتاڵی ھێڵدراونەتەوە بۆ ئەو سەرکردانەی کە لە حزبی دیکەوە یان کەسانی دیکەی سەرکردە دەبن بە یەکێتی، تا ئەو پۆستەیان پێ بدرێ بۆ کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی، بە گوتەی وتەبێژی ناوەندی بڕیاری یەکێتی، پێویستە ٥٠ +١ی ئەندامان ئامادەییان ھەبێ، بەڵام زۆر لە بڕیارەکان پێویستی بە دوو لەسەر سێ ھەیە، ئەوەش لە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیدا رێک خراوە.
لای خۆشیانەوە مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رای گەیاند، دیار نییە کە ئەو وەکو خۆی بەشداری لەو کۆبوونەوەیە بکات، ئاماژەی بەوەش دا، ھەموو سەرکردایەتیی یەکێتی لەو کۆبوونەوەیە ئاگادار کراونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو بڕیاری کۆتایی نەداوە بەشداری لە کۆبوونەوەکە بکات یان نەیکات.
ھاوکات فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاماژەی بەوە دا، وادەی کۆبوونەوەکە تا ئێستا ھیچ گۆڕانکارییەکی تیا نەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا کات و شوێنەکەی لەو رۆژە دیاری نەکراوە، گوتی: "بە شێوەی فەرمی سەرکردەکانی یەکێتی لە کات و شوێنی ئەو کۆبوونەوەیە ئاگادار دەکرێنەوە".
باسنیوز
