ئێران: سعوودیە لە ئاستێکدا نییە ڕووبەڕووی ئێمە ببێتەوە

 ئێران: سعوودیە لە ئاستێکدا نییە ڕووبەڕووی ئێمە ببێتەوە
مەعسوود جەزایری، گوتەبێژی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی ئێران، مانۆزڕی دەریایی هەفتەی پێشووی سعوودیە بە لاواز وەسف کرد و گوتی "سعوودیە لە ئاستێکدا نییە بەرەنگاری سەربازیی ئێران ببێتەوە."



بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی میهر، جەزایری ئەو مانۆڕەی سعوودیەی بە "ڕێپێوان و مانۆڕێکی سادە و ئاست نزم" لە قەڵەم داوە و گوتی "هەرچەند سعوودیە هەوڵی زۆری دا لەڕێگەی ڕاگەیەنکانەوە ئەو مانۆڕە بەربڵاو و ئاست بەرز نیشان بدات، بەڵام بەپێی چاودێرییەک کە ئێمە کردمان، مانۆڕەکەی لە ئاستێکی زۆر نزمدا بووە."



ئەو گوتەبێژەی هیزە چەکدارەکانی ئێران لەبارەی ئەگەری هێرشی سعوودیە بۆ سەر ئێران ڕایگەیاند "کە نەتەنیا ئەو وڵاتە، بەڵکوو هەموو هاوپەیمانەکانیشی توانایی وەها کارێکیان نییە، تەنانەت ئەمەریکاش ناتوانێ."



چوارشەممەی هەفتەی رابردوو سعوودیە مانۆڕێکی سەربازیی لەناو ئاوەکانی کەنداو و دەریای عەمان دەست پێ کرد کە بە "قەڵغانی یەکی کەنداو و گەورەترین مانۆڕی مێژووی ناوچەکە" ناودێری کرد."



ئەم ڕووداوە پەرچەکرداری جۆراوجۆری بەپرسە سیاسی و سەربازییەکانی ئێرانی لێ کەوتەوە و ڕۆژنامەی واشنتۆن تایمزیش لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە سعوودیە خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەکات.





باسنیوز
Top